ھەولێر
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی دەڵێ ھەرێمی کوردستان بەنیازە ٢٢ لیوای پێشمەرگە دابمەزرێنی و ئێستا ١٣یان تەواوبوون. بە گشتی لیواکان ١٦٠ ھەزار پێشمەرگە لەخۆ دەگرن.
ھەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی ھێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو دەکا کە ئێستاشی لەگەڵدابێ بەھۆی شەڕی ناوخۆ و رووداوەکانی پێش ساڵی ١٩٩٨ ئەو ھێزە سەر بەحزبەکان بوون و ھێشتاش بەشێکیان لەو چوارچێوەیەدان.
پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠١٠ەوە دەستیپێکردووە، لەکۆتایی ئەمساڵدا ١٣ لیوای تەواودەبێ و کۆتایی پرۆسەکەش بەپێکھێنانی ٢٢ لیوای یەکگرتووی پێشمەرگە کە ٢٠یان پیادە و دوو لیوای پشتیوانی پێکدێ. کاربەدەستانی وەزارەت دەڵێن وادەی کۆتایی پرۆسەکەش نادیارە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ بەھۆی توانای دیاریکراوی ماڵی وەزارەت و نەبوونی سەربازگەی، پێویست پرۆسەی یەکسختنەوەی پێشمەرگە دوا دەکەوێ و بە خێرایی ناچێتە پێشەوە.
یاوەر لەو بارەیەوە گوتی: "ساڵانە حکومەتی ھەرێم لە رێی بڕینی بەشێ لە بودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکدێنێ، ئەو بودجەیەش نیوەی پێداویستییەکانی ئێمە دابین ناکا."
یاوەر لەبارەی ژمارەی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئێستا ژمارەیان دەگاتە ١٢٠ ھەزار کەس، بێجگە لە ٤٠ ھەزار پێشمەرگەی دیکە کە ھێزی یەدەگن، هەروەها ٤٠ ھەزار پێشمەرگەی خانەنشین. کۆی گشتی دەگاتە دوو سەد ھەزار کەس.
ئەگەرچی ساڵی ٢٠٠٧ بودجەی گشتیی عێراق بە بڕگەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکا ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و دەبێ لە بودجەی سیادی بودجەیان بۆ دابین بکرێ، کەچی کاربەدەستانی کورد دەڵێن لەو کاتەوە ھیچ بودجەیەکی بۆ تەرخاننەکراوە.
لە دەستووری عێراق کە ساڵی ٢٠٠٥ لە راپرسییەکی گشتیدا لە لایەن عێراقییەکانەوە پەسەند کرا، پێشمەرگە بە ھێزێکی یاسایی و دەستوریی دەناسێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ یاداشتی لێک تێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق ھەیە کە ژمارەی ھێزەکانیان ١٢٠ ھەزار کەس بێ بۆ ئەوەی ھەرێم بە باشی بپارێزن لە مەترسییەکانی تیرۆر بەھۆی نزیکیی ھەرێم لە چەند پارێزگایەکی جێ مەترسیی عێراق.
جەبار یاوەر ئەوەش رەتدەکاتەوە وەزارەتەکەی یان حکومەتی ھەرێم گرێبەستی کڕینی چەکی لەگەڵ ھیچ وڵاتێکدا ھەبێ، ھۆکاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی بودجە کە ئەو جۆرە گرێبەستانە پێویستییەتی. ئەوەش دەڵێ ئەو چەک و تفاقەشی کە لەلای ھێزەکانیاندا ھەیە بەشێکیان ھی ھێزی پێشمەرگەن لەپێش راپەڕینی ١٩٩١ و بەشێکیشیان پاشماوەی ئەو چەکانەیە کە لەپرۆسەی رزگارکردنی عێراق ساڵی ٢٠٠٣ لە فەیلەقە گەورەکانی یەک و دوو و پێنجی سوپای عێراق دەستیان بەسەرداگرتوون.
ئەو بەرپرسە باس لەکۆنیی ئەو چەکانە دەکا و دەڵێ بەھۆی زۆریی تەمەنییانەوە لە چەند کارگەیەکی بچووکی وەزارەتەکەی چاکدەکرێنەوە و بۆیە دەکرێن و ئیدی وەکو چەکی نوێ دەردەکەون. دەشڵێ چەند جۆرە چەکێکی وەکو تانکیT٥٥ و T٦٢ و تۆپی ١٢٢ ملیم و ٣٧ ملیمی دژە ئاسمانییان ھەیە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی رەخنە لە بەرپرسانی عێراق و بەدیاریکراوی وەزارەتی بەرگریی دەگرێ لە پێنەدانی بەشە بودجەی ھێزی پێشمەرگە و دەڵێ لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ھیچ بڕە بودجەیەکیان لە عێراق وەرنەگرتووە کە دەگاتە ١٣ تریلیۆن دینار، لەوبارەیەوە گوتی: "پێشمەرگە کە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە کە بودجە بۆ عێراق تەرخاندەکرێ تا ٢٠١٣ بڕی ١٣ تریلیۆن دینار پشکی پێشمەرگەیە لەو بودجەیە، ئەگەر ھی ساڵی ٢٠١٤شی بخرێتە سەر دەکاتە ١٥تریلیۆن دینار کە ھیچی بە پێشمەرگە نەدراوە."
لەبارەی داوەتنامە رەسمییەکەی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەس - ناتۆ بۆ وەزارەتەکەی لە ١٤ و ١٥ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، جەبار یاوەر دەڵێ ھێزەکانی ناتۆ دەیانەوێ لەساڵی ئایندەوە بۆ مەشقپێکردنی ھێزەکانی عێراق بگەڕێنەوە بۆعێراق. بەرپرسانی ناتۆ بەڵێنی ھەوڵدان بۆ مەشقپێکردنی ھێزەکانی ھەرێمی کوردستانیشیان داوە.
بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لەنێویاندا سەرۆکی ھەرێم مەسعود بارزانی چەندین جار باسیان لە کەمیی رێژەی کورد لەنێو ھێزەکانی عێراق و بەتایبەت سوپاکەی کردووە، جەبار یاوەر لەمبارەیەوە دەڵێ بەپێی ماددەی ٩ی دەستوور، دەبێ سوپای عێراق و ھێزەکانی دیکە لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و تایفییەکانی بەپێی رێژەیان لەدانیشتوانی وڵات پێکبێ، بەڵام ئەوە جێبەجێ نەکراوە.
یاوەر باس لەوە دەکا ئەگەرچی کورد زیاتر لە ٢٠%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنن و ١٧%ی بودجەی عێراقی ھەیە، بەڵام رێژەی کورد زۆر لەو رێژانە کەمترە: "لە دوای ساڵی٢٠٠٧ رێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق کەم دەبێتەوە، لەو ساڵە رێژەکە ٧% بوو، ئێستا لەسنووری ٢%ە و ساڵ دوای ساڵیش کەمتر دەبێتەوە."
ھەروەھا یاوەر رایگەیاند: لە ھەندێ دامودەزگای دیکەی سەربازیی دا، رێژەی کورد سفرە.
یاوەر زیاتر گوتی: "لە ھەموو ئەو گرێبەستە گەورانەی عێراق بۆ کڕینی چەک و کەلوپەلی سەربازیی دەیانکا، ھەرێمی کوردستان ھیچ پشکێکی تێدا نییە.بە پێی یاداشتی لێک تێگەیشتنی نێوان ھەردوولا، حکومەتی ھەرێم نابێ فڕۆکەی جەنگی ھەبێ، تەنیا دەتوانێ کۆپتەر بۆ گواستنەوەی نەخۆش و بریندار و خەڵکی مەدەنی ھەبێ."
فەریق جەبار یاوەر لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رەتی دەکاتەوە لەساڵی نوێوە پاراستنی ناوشاری کەرکوک بدرێتە ھێزی پێشمەرگە، هەرچەندە ھێزیان لەھەموو ئەو ناوچانەی پێیان دەگوترێ "جێ ناکۆک لەنێوان حکومەتی ناوەند و ھەرێم" ھەیە. بۆیە نە پێشمەرگە و نە سوپای عێراق ناتوانن بە تەنیا بچنە نێو شارەکانەوە.
ئەو تاکە لێژنەیەی لەکۆی ئەو حەوت لێژنەی مالیکی و نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەردوولا لەسەر دروستکردنیان رێککەوتن، جەبار یاوەر گوتی: "دوو دانیشتمان کرد، بەڵام نەگەیشتین بەھیچ بڕیار و چارەسەرێ بۆ کێشەکانمان. ھیچ ئاڵوگۆڕکردنێکی زانیاریی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا نییە ئەوەی ھەیە ئاڵوگۆڕی نامە و نووسراوە. چەند ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی بەرگریی عێراقن و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام پەیوەندییەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی مەشق و پرۆسەی سەربازیی ھاوبەش.ھێزی پێشمەرگە کە بەپاسەوانی ھەرێم دەناسرێن بەشێکیان لەسەر سنوورەکان بڵاوکراونەتەوە."
بەپێی قسەی جەبار یاوەر تا ئێستا ھیچ گەنجێکیان دەستگیر نەکردووە کە لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ جیھاد چووبێتە سوریا: "ئەو سنوورەی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و سوریادا ھەیە، تەنیا ٣٠ کیلۆمەترە و کەم و کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ئەو سنوورەی لەژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراقدایە ٣٠٠ کیلۆمەترە. ئەو کەسانەی بەناوی جیھادەوە دەچنە سوریا لەو سنوورەوە دەچن، چونکە ئاسانترە."
سەبارەت بە بوونی ھێزەکانی پەکەکە لە چیاکانی ھەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر دەڵێ: "ئەوان لەساڵی ١٩٨٤ بە دواوە لە سێگۆشەی سنووریی نێوان عێراق و تورکیا و ئێرانن کە ناوچەیەکی زۆر عاسێیە، ئەو سێ حکومەتە سەرباری ئەوەی رێککەوتنیان لەنێوانیاندا ھەبووە بۆ چوونە نێو خاکی یەکتر بەقوڵایی ١٥ کیلۆمەتر، بەھەموو ھێزیانەوە نەیانتوانیوە ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە بۆ حکومەتی ھەرێم ئاسان نییە ئەو کارە بکا."
جەبار یاوەر پێشیوایە سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا تاکە گەرەنتیی دابەزینی ئەو چەکدارانە و چۆڵکردنی ئەو چیایانەیە.ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی رەتکردەوە ھەرێمی کوردستان ھێزی لەکوردانی رۆژئاوا لەھەرێمەوە مەشق پێکردبێ و رەوانەی رۆژئاوای کوردستانیان کردبێ: "حکومەتی ھەرێم بەھیچ شێوەیەک لەرووی سەربازییەوە دەست وەرناداتە کاروباری رۆژئاوای کوردستان."
news_share_descriptionsubscription_contact

