کۆمیتەی رێکخستنی رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی شارۆن رایگەیاند: ئامادەکاریی رێوەڕەسمەکە نیوەشەوی رابردوو کۆتایی پێھاتووە.
ھۆبەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەنراویەکدا ناوەڕۆکی رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی شارۆنی خستەروو.
بە پێی ئەو راگەیەنراوە وا بڕیارە سەرەتا تەرمی شارۆن ببرێًتە تەلاری پەرلەمان - کنێست و لەوێ دەخرێتە نێو کاتافالکاوە تا سەعات شەشی ئێوارە خەڵکی ئیسرائیل دەتوانن سەردانی بکەن.
لەشوێنی بە خاکسپاردنی، رێوشوێنێکی توندی ئەمنی پەیڕەو دەکرێ. کەس بۆی نییە بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆی سەردانی ئەو شوێنە بکا.
بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێ سەردانی تەرمی شارۆن بکەن، لە ناوچە یەھوودیی نشینەکانی رۆژئاوای قودس، بە پاس خەڵک بۆ بەردەم تەلاری پەرلەمان دەگوازنەوە.
بە ھۆی رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی شارۆن، کۆمیتەکانی کنێست کۆبوونەوەکانی یەکشەممە و دوو شەممەی دوا خست.
وا بڕیارە سەعات ٩ و ٣٠ دەقیقەی بەیانی رۆژی دوو شەممە رێوەڕەسمی بە خاکسپاردنی شارۆن دەست پێ بکا. لە میانی ئەو رێوەڕەسمەدا ھەر یەکە لە سەرکۆماری ئیسرائیل شیمۆن پیرێز، سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاھۆ، گوتەبێژی کنێست یولی ئەدەلستەین و ماڵباتی شارۆن،گوتار پێشکەش دەکەن.
راگەیەنرا ھەر یەکە لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، نوێنەری چوار لایەن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا تۆنی بلێر، سەرکوماری چیک، سەرۆکی دۆمای روسیا، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئسپانیا، کەنەدا بەشداری ئەو رێوەڕەسمە دەکەن.
دوای کۆتایی ھاتنی رێوەڕەسم، تەرمی شارۆن بە قافڵەی سەربازیی بۆ شوێنی ناشتنی لە دەشتی نەگەڤ دەگوازرێتەوە.