ئهنقهره
سەبارەت بە هێرشەكانی هاوپەیمانان لە سووریا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە رایگەیاند "ئێمە لە دژی ئەو هەوڵانەین كە دەدرێن بۆ گۆڕینی هەمیشەیی دیمۆگرافیای ناوچەكە".
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە، لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە هەڵەن ئەو هەواڵانەی كە لە راگەیاندنەكاندا بڵاودەكرێنەوە و باس لەوە دەكەن كە لە هێرشەكانی ئاسمانیدا بەشێوەیەكی ئەنقەست و ئارەزوومەندانە هاووڵاتییانی مەدەنی دەكرێنە ئامانج".
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: "هێرشەكانی ئاسمانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی كردۆتە ئامانج، مەبەست لەمەش پاڵپشتی كردنی بۆ ئەو لایەنانەی سووریایە، بەتایبەتی پەیەدە كە لەدژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەجەنگن. دەستنیشانكردنی ئامانجەكانی داعش زۆر قورسە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێش ئەنجامدانی هێرشەكانی ئاسمانی، دەبێت ئەو ئامانجانە پشتڕاست بكرێنەوە. دژی ئەو هەوڵانەین كە دەدرێن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بۆ هەمیشەیی، دەمانەوێت ئاوارەكان لە ئارامیدا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
لەلایەكی دیكەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە جۆن باس، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان پشتیوانی لە سەروەری و یەك پارچەیی خاكی سووریا، عێراق و توركیا دەكەن و گوتی: "هەماهەنگی ناكەین بۆ دروست بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆیی كوردی لە سووریا یان دروست بوونی هەرێمێكی خود موختاری".
لە كاتێكدا باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەی ستاری دەدایەوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا ئەمریكا رابەرایەتی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی دەدات لە سنوورەكانی توركیادا؟ جۆن باس گوتی: "نەخێر. ئێمە نیازێك، پرۆژەیەك و سیاسەتێكی لەو شێوەیەمان نییە. ئەمریكا لەدژی گۆڕینی سنوورەكانی ئەم ناوچەیەدایە، وەك چۆن لە سنوورەكانی ئەورووپا و ئۆراسیا هێزی بەكارهێنا و دژی گۆڕانكاری تیایاندا وەستایەوە".
باس ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمریكا بەشێوەیەكی بەهێز پشتیوانی لە سەروەری و یەك پارچەیی خاكی توركیا، سووریا و عێراق دەكات و گوتی: "لە ئیستادا باوەڕمان وایە كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش گەورەترین مەترسیە بۆسەر یەكێتی و یەك پارچەیی خاكی سووریا و عێراق. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ئێمە هێرش بكەینە سەر داعش و هەوڵەكانمان چركردۆتەوە تا توانای چالاكیەكانی كەم بكەینەوە. لەبەرئەوە دابڕینی گەیشتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە رەقەوە بۆ گرێ سپی و توركیا زۆر گرنگ بوو. چونكە وەك ئەوەی لە راپۆرتی تیرۆریزمدا هاتووە، سەرەڕای هەوڵەكانی توركیا و هاوپەیمانانی، داعش لە ماوەی شەش بۆ هەشت مانگی رابردوودا سوودی لە نزیكی لە سنووری توركیا و بوونی لەو شوێنەدا وەرگرتووە و قەرەبووی هەندی لە زیانەكانی كردبۆوە. لەبەرئەوە ئیمەش تیشكمان خستە سەر ئەوەی رێگەیەك بدۆزینەوە تا بەر بەداعش بگرین نەگاتە سنوور".
هاوكات باس باسیشی لەوە كرد كە ئەمریكا لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە پاڵپشتی چەندین لایەن دەكات لە سووریا كە دژی داعش دەجەنگن و گوتی: "لەنێو ئەو لایەنانەشدا، لایەنەكانی عەرەبی سووریا كە سەربە سوپای ئازادی سووریان، لەگەڵ پەیەدە و هەندی لایەنی دیكەی كوردی. لە هەر شوێنێكی سووریا بێت، لە باكووری خۆرئاوای سووریا؟ یان لەسەر هێڵی مارا. لە ماوەی دوو هەفتەدا چەندین هێرشی ئاسمانیمان كردۆتە سەر داعش لە ناوچەكانی سەر هێڵی مارا، عەزیز ناوجەرگەی و دەورووبەری مارا، ئامانج لەو هێرشانەش پاڵپشتی كردنە لە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا".