دیاربەکر
سەرۆکی ھەرێمی کورستان مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری دوای سەردانیان بۆ شارەوانیی گەورەی دیاربەکر، سەردانی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی جزیرە و پەرلەمانتاری پێشووی دیاربەکر، ھاشم ھاشمییان لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی (پەیاس)ی دیاربەکر کرد.
ھاشمی بە کوردی گوتی "ناوی بارزانی لە دڵی ھەموو کوردێکدایە و لە وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا و ھەموو شوێنە کوردنشینەکانی تۆمار کراوە. سەردانەکەی بارزانی کە خاوەن ئەزموونێکی دوور و درێژ دەبێتە ھۆی جێگیربوونی سیاسەتی مەدەنی."
ھاشمی ھەروەھا گوتی "تورکیا لە رۆژانێکی مێژووییدا دەژی و سەردەمێکی نوێ بەخۆوە دەبینێ، ھەموومان ھەست بە خۆشی دەکەین و خۆشحالین بەم رۆژە مێژووییە. سوپاس بۆ سەرۆکوەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان کە بوێرانە سیاسەت دەکا و ئەم پرۆسەی چارەسەریەی دەست پێکرد و ئەم رۆژە مێژووییەی بە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەراست گەیاند. ھەروەھا بەخێرھاتنی بارزانی دەکەین کە نوێنەری دابونەریتی ١٥٠ ساڵییە، کە خۆشەویستیی ئەو لە دڵی کوردانی چوار قورنەی جیھاندایە. ھەروەھا سوپاسی جەنابی دەکەین بۆ پشتگیرییەکەی لە پرۆسەی چارەسەری. رۆژێکی خۆش و مێژوووییە. خودا پاڵپشتی ئەو کەسانە بێ کە پشتگیری دەکەن و یارمەتیدەری ئەم پرۆسەیەن."
دواتر بارزانی و شاندی یاوەری بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بە رێگای وشکانی بەرەو شارۆچکەی سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخ بەرێکەوتن. بارزانی لە دەروازەی سنووری خابورەوە دەچێتەوە ھەرێمی کوردستان.