سلێمانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکایەتی شاندی پ. د. ک دەکات کە بۆ خۆی ڕاسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێ، یەکەم وتووێژی راستەوخۆیە بۆ پێکھێنانی حکومەت.
شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ دووشەممە کۆبونەوەی شاندی پارتی و ئەو لیژنە تایبەتەی د.بەرھەم ساڵح سەرۆکایەتیی دەکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی حکومەت، لە تەلاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەڕێوە دەچێ."
ھەروەھا یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ AA گوتی: "ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن و لەگەڵ ڕێکخەری گشتی گۆڕان نەوشیروان مستەفا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکرن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ."
لە لایەکی دیکە فەرھاد مەلا ساڵح، یەکێ لە کاربەدەستانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند: سبەینێ سێشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێنەوە شاری ھەولێرو پێشنیوەڕۆ لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کۆدبنەوەو گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی حکومەت دەکەن. ھەروەھا شاندی پ.د.ک دواتر سەردانی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر دەکەن لەشاری ھەولێر.
تائێستا تەنیا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشدارییکردن لەکابینەی ھەشتی حکومەت، بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی پێکەوە بەشداریی حکومەت دەکەن.