ھەولێر
بارزانی داوا دەکا کوردان لە کۆنگرەی ژنێڤ٢ بەشداریی بکەن و رۆڵی کارایان ھەبێ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سوریا باڵیۆز جۆن وێڵکس کۆبوویەوە و دۆخی سوریایان خستە بەرباس.
جۆن وێڵکس دوا پێشھاتە سیاسییەکانی سوریا و ھەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا خستەڕوو، لەگەڵ باسکردنی ھەنگاوەکانی ئامادەکاریی کۆنفڕانسی ژنێڤ٢ و رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و دۆستی سوریا و زلھێزەکان و ھێزە سیاسییەکانی ناوخۆی سوریا، ھەروەھا کاریگەرییان لەسەر قەیرانی سوریا بۆ بارزانی شیکردەوە.
لەو دانیشتنەدا باس لەوە کرا دەبێ لایەنانەی پەیوەندیدارەکانی قەیرانی سوریا پشتگیری لە رۆڵی کورد بکەن و پێویستە ھەمو لایەنە کوردییەکان ھاوکاری یەکتربن و گوتارێکی ھاوبەش و روونیان لەمامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سوریا و دواڕۆژی ئەو وڵاتە ھەبێ.
لەبارەی دۆخی سوریا مەسعود بارزانی پێی وابوو کە ئەستەمە کێشەی سوریا لەرێگەی سەربازییەوە چارەسەر بکرێ و ئەوەی بە لای ھەرێمەوە گرنگە ئەوەیە ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراتی بۆ دوارۆژی سوریا ھەبێ و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گشت لایەک رەچاوی مافەکانی کورد بکەن، چونکە داواکاری و مافەکانی کورد لە سوریا رەوان و گەلی کورد لە بچووکترین مافەکانی بێبەش کراوە.