میونخ
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی، داوای له ئه‌نجێلا مێركڵی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و ئورسولا ڤۆن دێر لیێنی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و وڵاته كرد چه‌ك و پێداویستی نوێی سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی پێشمه‌رگه بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازیانه‌ی له ئه‌ڵمانیاوه ره‌وانه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كرێن بە گوتەی بەرپرسانی هەرێم به‌پێی پێویست نین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش.
له چوارچێوه‌ی 51مین كۆنفڕانسی ئاسایشی كه له شاری میونخی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه ده‌چێت، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی له‌ژێر ناوی "روانگه‌ی هه‌ولێر" پیشكه‌ش كرد و تیایدا ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئه‌نجێلا مێركڵی راوێژكاری ئه‌ڵمانیادا كۆبووه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه كرد كه داعش 700 زرێپۆشی سوپای عێراقی له‌به‌رده‌ست دایه، له‌دژی ئه‌و زرێپۆشانهش هێزی پێشمه‌رگه زۆر سوودی له‌و مووشه‌كانه‌ی میلان وه‌رگرتووه كه له ئه‌ڵمانیاوه پێیان گه‌یشتووه.
بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه ئه‌و چه‌كانه‌ی له ئه‌ڵمانیاوه بۆ هێزه‌كانیان نێردراوه زۆر سوودیان هه‌بووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش دا، به‌ڵام به‌پێی پێویست نه‌هاتوون، له‌به‌رئه‌وه پێویستمان به چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازیی زیاتر هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا به رزگاركردنی كۆبانێ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه له‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش و گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا مه‌ترسییه‌كانی داعش به‌رده‌وامن.
بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له پاڵ هاوكاری سه‌ربازیی دژ به داعش، هاوكاری ماددیش زۆر گرنگه چونكه له ئێستادا پێویستیان پێیه‌تی.
هاوكات بارزانی هۆشداری ئه‌وه‌ی دا كه ئه‌گه‌ر داعش له عێراقیش تێك بشكێندرێت، ده‌چیته سووریا، له‌وێش سه‌رله‌نوێ خۆی به‌هێز ده‌كاته‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌رله‌نوێ په‌لامار ده‌ست پێ بكاته‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه تا ئه‌مڕۆ توانیویانه رووبه‌ری 15 هه‌زار كیلۆمەتر له تیرۆریستانی داعش پاك بكه‌نه‌وه.
له‌وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسێكدا له‌باره‌ی بۆچوونی بارزانی سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی نهێنی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1916 بۆ دابه‌شكردنی خاكی ده‌وڵه‌تی عوسمانی کە بە سایکس بیکۆ ناسراوە، بارزانی گوتی: "له‌و رێككه‌وتنه‌دا سنووره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست دیاری نه‌كراون و مافی خه‌ڵكانێكی زۆر له‌به‌رچاو نه‌گیراوه، بۆیه هه‌میشه له هه‌وڵدابووین ئه‌و هه‌ڵانه راست بكه‌ینه‌وه".