ئەمڕۆ لە توركیا ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ ھەزار و ٢٣١ دەنگدەر بۆ دەستنیشان كردنی پەرلەمانتارانی خولی ٢٥ەمینی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ٨١ پارێزگا دەچنە سەر سەندوقەكانی دەنگدان و پڕۆسەی دەنگدانیش سەعات ھەشتی بەیانی دەست پێ دەكات تا پێنج ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لەو ھەڵبژاردنەدا ٢٠ پارت و قەوارەی سیاسی لە پێشبڕكێدان و بێجگە لە ئاك پارتی، ھەدەپە، جەھەپە و مەھەپە كە لە نێو پەرلەماندا فراكسیۆنیان ھەیە پارتەكانی دیكەیش بۆ ئەوەی نوێنەری خۆیان روانەی پەرلەمان بكەن ھەوڵ دەدەن و لە سەرانسەری توركیایش بە گشتی ١٦٥ كاندیدی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.
دابەش كردنی بەڵگە و زانیارییەكانی دەنگدەران رۆژی یەكی حوزەیران كۆتایی پێھاتبوو و ئەو ھاووڵاتییانەی كە بەڵگەی دەنگدانیان وەرنەگرتووە بۆیان ھەیە دەنگ بدەن، ئەوانەی بەڵگەیان پێ نییە بەڵام ناویان ھەیە بە نیشان دانی ناسنامە یا ھەر بەڵگەیەكی فەرمی دیكە بۆیان ھەیە بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بكەن. ھەر دەنگدەرێًك كە بییەوێت دەنگ بدات بەڵام ناسنامەیەكی پێ نەبێت كە ژمارەی ناسنامەی كۆماری توركیای پێوە بێت ئەوا پێویستە لەگەڵ بەڵگەی پێویستدا بەڵگەیەك كە بتوانێت سەلمێنەری ناسنامەی توركی بێت نیشان بدات.
دەنگدەران دەتوانن لە رێگای ماڵپەڕی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە بزانن كە لەكوێ دەتوانن دەنگ بدەن.
لە كاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگداندا ئەو پسوولە ھاوبەشەی دەنگدان بەكار دەھێنرێت كە تایبەت ئامادە كراوە و نیشان و لۆگۆی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی پێوە دیارە.
دەنگدەرانی توركیا سەعات ھەشتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەچنە سەر سەندوقەكان و پڕۆسەی دەنگدانیش تا سەعات پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت و ئەگەر لە كاتی كۆتایی ھاتنی ئەو كاتەدا خەڵك لەسەر سەندوق مابێت و دەنگی نەدابێت ئەوا دوای ھژماردنیان لە لایەن سەرۆكی سەندوقەكەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
ئەو شوێنانەی كە تێیاندا دەنگ دەدرێت ھەموویان شوێنی داخراون و بەو جۆرە ئازادی دەنگدەر و شاراوەبوونی دەنگەكانیش پارێزراوە.
ھیچ چاودێرێكی پارت و قەوارەكانی سیاسی و چاودێرانی پڕۆسەی دەنگدان بۆیان نییە ھیچ جۆرە رۆزەت، سەمبۆل یا ھیچ جۆرە نیشانە و ھیمایەكی پارت و لایەنێكی سیاسی لەگەڵ خۆیاندا ھەڵبگرن.
سەرۆكی لیژنەی سەندوق و ئەندامەكانی لیژنەكە پێش ئەنجامدانی ھەر كارێك لەبەردەم چاوی ئەوانەی لەسەر سەندوقەكان سوێند دەخوات و خالی یا بۆش بوونی سەندوقەكە كۆنترۆڵ دەكات. لەو شوێنەی سەندوقی تێیادا دانراوە ئاسایشی ئەو شوێن و سەندوقەكە لەلایەن سەرۆكی لیژنەكەوە دەپارێزرێت و ئەو كەسانەی بیانەوێت ئاسایش تێك بدەن ئاگادار دەكرێنەوە و ئەوانەی رەچاوی ئاگادارییەكان نەكەن لە شوێنی سەندوقەكە دوور دەخرێنەوە.
ئەو رێوشوێنانەی لەسەر سەندوق دەگیردرێنە بەر بە جۆرەیەك نابن كە رێگری لە چاودێری كردنی ئەندامانی لیژنەی چاودێری بكەن، بێجگە ئەو ئەندامانەی ھێزەكانی ئەمنی كە لە لایەن سەرۆكی لیژنەكەوە بانگھێشت كراون ھیچ كەس و لایەنێكی دیكە بۆی نییە چەك ھەڵبگرێت و لە كاتی دەنگداندا ئاسانكاری تەواو بۆ ژنە سكپڕەكان، نەخۆش و بەساڵاچووان دەكرێت.
رۆژی دەنگدان لە سەعات شەشەوە تا سەعات ١٢ شەو بە ھیچ شێوەیەك كهولیات نافرۆشرێت، لە شوێنەكانی گشتی و كهولییە فرۆشییەكاندا خواردنەوەی كهولییەكان قەدەغەیە، شوێنەكانی رابورادن لە پڕۆسەی دەنگداندا داخراو دەبن.
بێجگە لەوانەی كە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەت ھیچ كەس بۆ نییە چەك ھەڵبگرێت و تا سەعات شەشی ئێوارە ھیچ دەزگایەكی راگەیاندن بۆی نییە لە بارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەوە شرۆڤە بكات و پێشبینییەكانی بخاتە ڕوو و دەزگاكانی راگەیاندن لە سەعات شەشەوە تا سەعات نۆ تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاو دەكەنەوە كە لە لایەن كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەوە بڵاو دەكرێنەوە. پڕۆسەی بڵاوكردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە دوای سەعات نۆی شەو سەربەست دەبێت.