ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکەمین گەشتی لە ساڵی نوێدا لە رۆژانی شەش تا ١١ی ئەم مانگە بۆ ھەر سێ وڵاتی رۆژھەڵاتی دوور ژاپۆن، سەنگاپور و مالیزیا ئەنجام دەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەساڵی ٢٠١٣ سەردانی ٢٧ وڵاتی کردووە، لە ساڵی نوێشدا بەرنامەی چڕوپڕی سەردانی بۆ دەرەوەی تورکیا لەبەر دەستدایە. ساڵی ٢٠١٤ یەکەمین سەردانی لە حەوتی ئەم مانگە بۆ ژاپۆن ئەنجام دەدا. دواتریش سەردانی ھەریەک لە سەنگاپور و مالیزیا دەکا.
ئەردۆغان ئەو گەشتە لەسەر داوای ھەریەک لە شینازۆ ئابدە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، لی ھیسیەن لۆنگ سەرۆک وەزیرانی سەنگاپور و نەجیب تون عەبدەلڕەزاق سەرۆک وەزیری مالیزیا ئەنجام دەدا، ھەریەک لە بوڵەند ئارنچ جێگری سەرۆک وەزیران، چەند وەزیر و پەرلەمانتار ھاوڕێیەتی ئەردۆغان لەو گەشتەدا دەکەن.
ئەردۆغان لە میانەی ئەو گەشتەی بۆ رۆژھەڵاتی دوور رۆژی سێشەممەی داھاتوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە تۆکیۆ کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکە باسی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئەو مەسەلانە دەکەنە کە پەیوەندییان بە ھەردوو وڵاتەوە ھەیە.
ئەردۆغان لە تۆکیۆ لە کۆنفڕانسێکدا کە رۆژنامەی نیککەی ئامادەی دەکا گوتارێک دەخوێنێتەوە. پاشانیش بەشداری لە فۆڕمی بەڕێوەبەرایەتی باڵای تورک – ژاپۆن دەکا.
لەدوای ژاپۆن ئەردۆغان سەردانی سینگاپور دەکا، نۆی ئەم مانگە رۆژی پێنجشەممە چاوی بەھەر یەک لە تۆنی تان کینگ سەرکۆماری مالیزیا و لی ھسیەن لۆنگ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەکەوێ. ھەروەھا لەمیانەی سەردانەکەی بۆ سەنگاپور لە بەرنامەی ئەردۆغان دا ھەیە سەردانی بەندەری سەنگاپور بکا کە بە دووەم گەورەترین بەندەری گواستنەوە لە جیھان دادەنرێ.
دوا وێستگەی سەردانی ئەرۆدغان بۆ رۆژھەڵاتی دوور وڵاتی مالیزیایە. رۆژی ھەینیی داھاتوو ئەردۆغان لەگەڵ ھاوتا مالیزییەکەی نەجیب تون عەبدولڕەزاق کۆدەبێتەوە، باسی پەیوەندی ھەردوو وڵات و پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان دەکەن. دوای ئەوەش چاوەڕێ دەکرێ، توانکو عەبدولحالیم پاشای مالیزیا پێشوازی لە ئەردۆغان بکا، دوای ئەمەش ئەردۆغان بەشداری لە کۆبوونەوەی فۆڕمی کاری تورک – مالیزیا دەکا.