حەلەب
مزگەوتی مێژوویی ئەمەوی وێران بووەو بەشێکی لەژێر دەستی ئوپۆزسیۆنە بەشێکی لەژێر دەستی ھێزی ئەسەد
وێرانبوونی مزگەوتی مێژوویی (ئەمەویی) لەشاری حەڵەب، دەریدەخات شەڕی ناوخۆ لەسوریا چەندە دژوارە. قەنناس بەدەستەکانی حکومەتی بەشار ئەسەدو ئۆپۆزسیۆن لەپەنا دیواری داڕووخاوی مزگەوتەوەکە سێرەیان لەیەکتر گرتووە، ھەر کەس ببزوێ تەقەی لێدەکەن.
مزگەوتی ئەمەویی بەناوبانگترین نمونەی نەخش و نیگاری تەلارسازیی کۆنی ئیسلامییە. ئەو بازاڕە مێژووییەی کە دەوری داوە، بەھۆی بۆردومان و تێکھەڵچوونەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەدو ئۆپۆزسیۆنەوە تەخت بووە. بەقسەی خاوەن دوکانەکانی ئەو ناوە ھێندێ لە دوکاندارەکان دەرکەی دوکانەکانیان داخستووەو ھەندێکیشیان بوونەتە سەنگەر بۆ شەڕکردن.
ئەو کۆڵان و شوێنە مێژووییانەی سەردەمانێ پڕبوون لەخەڵک، ئێستا گۆڕاوە بۆ وێرانە. مەزاری حەزرەتی زەکەریا کە دەکەوێتە ناو مزگەوتەکەوە، بێ بەش نەبووە لەپریشکی شەڕو پێکادانەکان، بەشی دەرەوەی مەزارەکە بەتەواوی خاپور بووە. بەمەبەستی پاراستنی پەرژینی مەزارەکە قورئانی پیرۆزیان لەسەر ڕیزکردووە.
شەڕی قەنناس لەناو مزگەوتەکەدا
ئەو مزگەوتە لەلیستی شوێنەوارە جیھانییەکانی رێکخراوی (یونسکۆ)یش تۆمارکراوە، گرنگترین بەشی ناوەوەی بەھاوەن خاپوور بووەو منارەکەیشی کەوتۆتە ناو مزگەوتەکەوە.
دانیشتوانی ناوچەکە حاڵیان پەریشانە چونکە بەشێکی مزگەوتەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئوپۆزسیۆنەو بەشێکی دیکەی لەژێر دەستی ھێزەکانی بەشار ئەسەددایە. نێوانی ھەردوو لای بەشەڕھاتوو ١٠٠ مەترەو ھەر لایەو خۆی لە پشت بەردو مافووری مێژوویی و دیوارەکەوە حەشارداوە.
ئەو مزگەوتە بیناکەی، منارەکەی، حەرەم و ژوورەکانی نموونەیەکە لەدروستکراوەکانی سەردەمی ئیسلام. منارەکەی تەمەنی ٩٢٢ساڵەو لەسەردەمی سەلجوقییەکان دروستکراوە، بەشی ژوورەکانی ٨٠٠ ساڵە لەسەردەمی مەملوکەکان دروستکراوە.
شوێنەوارێکی دەگمەن ونایابە، لەمێژوودا بەمزگەوتی حەڵەبی گەورە دەناسرێ. خەلیفەی ئەمەویی (ولیدی کوڕی عەبدولمەلیک ٧١٧-٧١٥) بڕیاری دروستکردنی داوەو لەسەردەمی (خەلیفە سولەیمان) تەواو کراوە، ھەروەھا لەسەردەمی حوکمڕانی عوسمانییەکانیشدا نۆژەنکراوەتەوە.
جگە لە مەزاری حەزرەتی زەکەریا درودی خوای لەسەربێت، ڕیش و ددانی پیرۆزی پێغەمبەرمان محمد( درودی خوای لەسەر بێت)ی لێیەو ئەمانەتی پیرۆزو قورئانی پیرۆزی دەستنوس بوونی ھەیە.