سائینت پێتەرسبوورگ
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ٢٠G لەسانت پیراسبۆرگ، باراک ئۆباما قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کردو بەڕاشکاوانە گوتی " گەلی ئەمریکا منی ھەڵبژاردووە بۆ بەرگرتن بەشەڕ نەک ھەڵایسانی شەڕ، ئەگەر جیھان بێدەنگبێ لەو کوشتارەی لەسوریا روویدا بەھۆی چەکی کیمیایی، ئەوا کەس ناتوانێ لەم جیھانەدا بەئاسانی بژی".
لەبەشێکی قسەکانیدا سەرۆک ئۆباما گوتی " ھەمووان ئەوە قەبوڵ دەکەن بەشار ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارھێناوە، کەچی کەس ھەوڵ نادات وەڵامی بدرێتەوە، ئێستا ئەسەد بەبەرچاوی دنیاوە یاساو رێککەوتنامە جیھانییەکی بن پێ خستووە، ئیتر ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ بەرگرییکردن لەئەسەد، ئەگەر وەڵامێکی توندو شایستە نەدرێتەوە ئەوا ھەر وڵاتێکی دیکە بخوازێ ئەو تاوانە دووبارە دەکاتەوەو وای لێدێ کەس لەجیھان نەتوانێ بەئاسانی بژی".
لەبارەی دیداری نێوان خۆی و سەرۆکی روسیا، ئۆباما رایاگەیاند: لەگەڵ سەرۆک پۆتین ھەرچەندە لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی ھاوڕا نین، بەڵام یەکتر بینینمان لەکۆبوونەوەی٢٠G بەکەڵک و باشبووە. ئەمریکا ھانی روسیا دەدا بۆ ئەوەی رازیبێ رژێمی سیاسی سوریا گۆڕانکاریی بەسەردابێ.
لەلایەکی دیکە وابڕیارە سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممەی داھاتوو گوتارێک پێشکەشی گەلی ئەمریکا بکات بۆ ئەوەی متمانەی ئەمریکییەکان مسۆگەر بکات لەبارەی پەلاماردانێکی سنووردار بۆسەر سوریا.