واشنتۆن
بڕیارە سبەی هەینی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما سەردانی كیشوەری ئەفریقا بكات.
ئۆباما سەرەتا سەردانی وڵاتی كینیا دەكات و لەوێ بەشداری لە شەشەمین لوتكەی دەستپێشخەری جیھانی دەكات كە بە میوانداریێتی ھاوبەشی ئەمریكا و كینیا بەڕێوەدەچێت وتێیدا وتارێك پێشكەش دەكات. دواتر بڕیارە لەگەڵ سەركۆماری كینیا ئوهۆرو كێنیتا دوو قۆڵی كۆبوونەوە ئەنجام بدەن و پاشانیش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز بكرێت.
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا ئۆباما رۆژی یەكشەممەی داهاتوو وتارێك ئاراستەی هاووڵاتییانی كینیا دەكات و دواتر بەرەو ئەسیوپیا بەرێدەكەوێت.
بڕیارە لەوێش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەسیوپیا ھایلەمەریەم دیسالێگن كۆببێتەوە.
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە بارەگای یەكێتی ئەفریقیا لە ئەدیس ئابابای پایتەختی ئەسیوپیا وتارێك پێشكەش دەكات.
- یەكەم سەردانی سەرۆكێكی ئەمریكا بۆ ئەو دوو وڵاتە
سەردانەكەی ئۆباما بۆ ئەو دوو وڵاتە گرنگیەكی مێژووی ھەیە، ئۆباما لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا چوار جار گەشتی بۆ وڵاتانی ئەفریقا كردووە بەمەش ئۆباما وەكو سەرۆكی ئەمریكا زۆرترین جار سەردانی وڵاتانی ئەفریقیا كردووە. ئەم جارەشیان بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی وڵات بە فەرمی سەردانی هەردوو وڵاتی كینیا و ئەسیوپیا دەكات بەمە ئۆباما دەبێتە یەكەمین سەركۆماری ئەو وڵاتە كە بە فەرمی سەردانی ئەو دوو وڵاتە بكات.
- ئۆباما سەردانی چەند خێزانێكی ئەو وڵاتە دەكات
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی سوزن رایس ئاشكرای كرد كە ئۆباما لە سەردانەكەی بۆ كینیا لەگەڵ چەند ئەندامێكی خێزانەكەی لەو وڵاتە كۆدەبێتەوە. بەڵام بە ھۆی چەند ھۆكارێكی لۆجیستی و نادیار ئۆباما سەردانی ئەو كەسوكارانەی ناكات كە لە وڵاتەكانی دیكەدا دەژین.
- "كێشەی ئەمنی نییە"
میدیاكانی ئەمریكا نیگەرانی خۆیان لە سەردانەكەی ئۆباما بۆ كینیا دەربڕیوە بە ھۆی بوونی ھێرش و كردەی تیرۆریستی لەو بارەیەوە رایس دەڵێت: "لەڕووی ئەمنییەوە ھیچ كێشەیەك نییە، ئەگەر ھەستمان بە مەترسییەك بكردبایە ئەوە پلانمان بۆ سەردانەكە دانەدەنا. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان ئاگاداری چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی بزووتنەوەی گەنجانن".