واشنتۆن
سهرۆكی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا باراك ئۆباما لەمیانی گوتاری (دۆخی یەکێتی) دا لەسەر پرسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی باسی لە سووریا و ئێران و کرانەوە بەڕووی کوبا و پرسی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی ئینتەرنێت و چەند پرسێکی دیكهی تایبەت بە رۆژەڤی جیهان کرد.
سەرەتا ئۆباما ئاشکرای کرد کە بەسەرکردایەتی ئەوان و بە هێزی سەربازیان پێشڕەوییەکانی داعشیان لە عێراق و سووریا وهستاند و گوتی: "لەبری ئەوەی بە هێزی وشکانی بەرەو شەڕێکی دیكه له رۆژههڵاتی ناوهڕاست بچین، بۆ لاوازکردن و کۆتایی هێنان بەم گروپە تیرۆریستییە بەهاوکاری وڵاتانی عەربی ناوچەکە، سەرکردایەتی هاوپەیانییەک دەکەین. هاوکات پشتگیری لەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوانەی سووریاش دەکەین کە لە دژی توندوتیژی کار دەکەن. ئەم هەوڵە کاتی دەوێت، بەڵام سەرکەوتوو دەبێت. هاوکات ئێستا کاتی ئەوەیە کە یەکڕیزی خۆمان نیشانی تەواوی جیهان بدەین، بۆیە بانگەوازم بۆ کۆنگرێس ئەوەیە کە ئەو پرۆژە یاسایەی تایبەت بە پێدانی دەسەڵات بۆ بەکارهێنانی هێز دژی داعش تێپەرێنرێت".
لەبارەی سزاکانی سەر ئێران و دۆخی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە، ئۆباما ئاشکرای کرد دوای دە ساڵ، ئەوە یەکەمین جارە پێشڕەوییەکانی ئێرانمان لەبارەی پرۆگرامی ئهتۆمییهوه وەستاندووە.
ئۆباما ههروهها گوتی: "لەمڕۆوه تا وهرزی بەهار هەلی ئەوەمان لەبەردەستدایە کە لەرێگەی دانوستانەکانەوە بەر بگرین لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، هاوکات دانوستانێک بێتە ئاراوە کە رێگر بێت لە هەڵگیرسانی شەڕێکی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو ڕێگەیهوە پارێزگاری لە سەرجەم هاوپەیمانەکانمان و خۆشمان دەکەین. هیچ گارانتییەک نییە تاکو بڵێین لەڕێگهیهوه دانوستانەکان سەرکەوتوو دەبن، بەڵام هاوکات پارێزگاری لەهەموو ئەو بژاردانە دەکەین كه لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ڕێگری کردن لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ههن".
هەروەک ئۆباما هۆشداری ئەوەی دا کە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران لەم کاتەدا دەبێتە هۆکاری کۆتایی هێنان بە دانوستانەکان و دواتریش دوور کەوتنەوەی هاوپەیمانان لە ئەمریکا و دواتریش دەست پێکردنەوەی ئێران بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی. بۆیه بانگەوازی له کۆنگرێس کرد هەر پرۆژە یاسایەکی لەو چەشنە تێپەڕێنرێت، ئەوا ڤیتۆی دەکات و راشیگەیاند کە گەلی ئەمریکا وەک دوایین چارەسهر ڕێگە دەدات شەڕ هەڵبژێرین. بۆیە ئهو نیازم وایە لهسهر ئهو بیركردنهوهیه بهردهوام بێت.
لەبارەی پرسی بەندیخانەی گوانتانامۆ، ئۆباما رایگەیاند کە شتێكی لۆجیک نییە بەندیخانەیەک بە کراوەیی بهێڵینەوە کە تەواوی جیهان ئیدانەی دەکات و تیرۆریستانیش بەکاری دەهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەندامی نوێ بۆ خۆیان له كاتێكدا خهرجی ههر زیندانیهك ٣ ملیۆن دۆلاره.
ئۆباما ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی بەندکراوان بۆ نیوە کەم کراوەتەوە و گوتی: "ئێستا کاتی داخستنی بهندیخانهی گوانتانامۆ هاتووە و بڕیاری من بەرامبەر بە داخستنی ئەو بەندینخانەیە ناگۆڕێت و سورم لەسەر داخستنی".
سهرۆكی ئهمریكا ههروهها گوتی: "بەهاکانی وڵات، یەکێکە لە ستونەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەگەر هەڕەشە له خودی خۆشم بكرێت ئەوا بەردەوام دەبم لە رێز گرتن لە مرۆڤەکان و هەر بەو هۆیەشەوە ئهشكهنجهدانی بهندكراوانمان قهدهغه كردووه و بەکارهێنانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانمان سنووردار كردووه".
ئۆباما له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "بهرامبهر ئەو هەوڵانە دهوەستینەوە کە لەدژی یەهودییهكان لە چەند شوێنێکی جیهاندا تەشەنەی كردووه و هاوکات بەردەوام دەبین لە رەتکردنەوەی ئهو هەوڵانهی كه به ئامانجی بەیەک رەنگ کردنی موسوڵمانان دهدرێن چوونكه شتێكی ئازاربهخشه بۆیان. بۆیە پشتگیری لە بەندکراوانی سیاسی و بەندکراوانی رێی ئازادی رادەربڕین دەکەین. بەتوندی ئیدانەی ئەو زوڵمە دەکەین کە دەرحەق بە ئافرەتان و هاو رەگەزبازەکان و بایسێکچوەڵەکان و ئەوانەی کە رەگەزیان گۆڕیوە و کەمە ئایینیەکاندا ئەنجام دەدرێن. ئەمە بۆ ئەوە ناکەین تەنها لەبەرئەوەی لەسەر حەقن، بەڵكو بۆ ئەوەیە کە ئاسایشی ئێمە دەپارێزن".