Heman Hussein Yaseen
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی رایگەیاند کە رێژەی هاتنی گەشتیاران لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر بووە لە پێشبینییەکەیان و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەراورد بە پار ساڵ رێژەکە زۆر بەرزبووەتەوە.
نادر روستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەبارەت بە ئاماری گەشتیاران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریتیی بووە لە یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار گەشتیار، ئەمەش لە پێشبینی ئێمە زیاتر بووە و پلانی ئێمە ئەوەبوو بۆ کۆتایی ساڵ رێژەی هاتنی گەشتیاران بگاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گەشتیار، بەڵام لە شەش مانگی یەکەم نیوەی ئەو رێژەیە تێپەڕی و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ رێژەکە لە پێشبینییەکانی ئێمە زیاتر بێت".
نادر روستی گوتیشی: "ساڵی پار رێژەی هاتنی گەشتیاران یەک ملیۆن و ٣١٠ هەزار گەشتیار بووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە زیاترە لە ساڵی پار و ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریدا هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە چەند رێنماییەکمان بۆ ئاسانکاری گەشتیاران دەرکردووە".
سەبارەت بە رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نارد روستی گوتی: "هەر گەشتیارێک کە تێبینی لەسەر شێوازی گەشتیاری هەیە گوێی لێ دەگرین و کاری لەسەر دەکەین، لەماوەی رابردووشدا ئەوەمان کردووە، بۆ نموونە لەدوای جەژن گلەیی لە نرخی ئەو کەپرانە کرا کە گەشتیار لێی دەمانەوە، ئێمە هەڵساین بە دەرکردنی نووسراوێک کە خاوەن کەپرەکان ناچارن نرخەکانیان هەڵواسن بۆ ئەوەی گەشتیار ئازادبێت، ئەمەش یەکێکە لەو رێگایانەی کە ئیستیغلالکردنی گەشتیاران کەمدەکاتەوە".
نادر روستی لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی دەستەی گەشتوگوزار لە ئەگەری سەرپێچیکردن لە لایەن خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان گوتی: "لەماوەی رابردوودا شوێنی زۆر سزادراون بەپێی جۆری سەرپێچییەکان چونکە ئەندامی ئێمە لە لیژنەی قایمقامیەت هەیە و بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و داوشمان کردووە هەر کەس تێبینی لەسەر شوێنێکی گەشتیاری هەیە ئاگادارمان بکاتەوە".