نیویۆرک
وا بڕیارە نوێنەری ھەر یەکە لە وڵاتانی چین، سعودیە، ڤێتنام، روسیا، مەقدۆنیا، مۆڵدڤیا، فەڕەنسا، بەریتانیا ببنە ئەندامی تازە لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ. بەڵام رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ- ھیومان رایتس وۆچ رەخنەی لە بەشێک لەو وڵاتانە گرتووە کاندیدن بۆ بوونە ئەندام.
کۆمسیۆنەکە ئێستا ٤٧ ئەندامی ھەیە لە تەواوی جیھان. ئەرکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە جیھان، بۆ ماوەی سێ ساڵ ١٤ ئەندامی نوێ ھەڵدەبژێرێ.
ئەو ھەڵبژاردنەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدەدرێ، چوار کورسی بۆ گروپی ئاسیا – پاسفیک تەرخانکراوە کە وڵاتانی چین، مۆڵدڤیا،سعودیە و ڤێتنام کاندیدن بۆ بوونە ئەندام تێیدا. بۆ گروپی ئەوروپای رۆژھەڵات دوو کورسی تەرخانکراوەو پێشبینی دەکرێ بدرێتە روسیا و مەقدۆنیا. بۆ گروپی رۆژئاوای ئەوروپا دوو کوورسی تەرخانکراوە فەرەنسا و بەریتانیا کاندیدن بۆ بەدەستھێنانیان.
لەو گروپانە لەبەر ئەوەی ژمارەی کوورسییە بەتاڵەکان یەکسانە بە ژمارەی کاندیدەکان، چاوەڕوان ناکرێ کێشە و ناکۆکی نایەتە ئاراوە.
لە ھەڵبژاردنی گروپی ئەفریقا وڵاتانی جەزائیر، مەغریب، نامیبیا، ئەفریقای باشوور، باشووری سودان لەسەر پڕکردنەوەی چوار کوورسی کێبڕکێ دەکەن، ھەروەھا لە گروپی ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی، ھەریەکە لە کوبا، مەکسیک و ئۆرۆگوای کێبڕکێ لەسەر پڕ کردنەوەی ئەو دوو کورسیە دەکەن کە بۆ ئەو ناوچەیە تەرخانکراون.
لەلایەکی دیکە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کاردانەوەیان نیشاندا لەبەرامبەر ھەڵبژاردنی ھەریەک لە چین، روسیا و سعودیە و ڤێتنام.
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ HRW کە بارەگای لەشاری نیویۆڕکە رایگەیاند: وڵاتانی چین، سعودیە، ڤێتنام و جەزائیر رێگایان نەداوە ئەندامانی رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتانە لێکۆڵینەوە بکەن. ھەروەھا چین و ڤێتنام بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ زیندانی دەکەن، بۆیە داوایکرد لە وڵاتانی دیکە پێش ھەموو شتێ بایەخ بەپێدانی مافی مرۆڤ بکەن بەدانیشتووانی وڵاتەکانیان.