Mazın Asad
28 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2017
دیمەشق/ئیدلب - AA
لە ئاکامی چەند ھێرشێکی ئاسمانی رژێمی ئەسەد بۆ سەر یەکەکانی نیشتەجێ لە شاری ئیدلب و دیمەشق، چوار ھاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و ١١ی دیکەش بریندار بوون.
چالاکوانی سڤیل لە ئیدلب بەناوی لەیس ئەلفارس لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانی سەر ناوچەی سەرمین لە شاری ئیدلب، چوار ھاووڵاتی کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون.
ئەلفارس روونیشی کردەوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە زیانێکی زۆر بەر یەکەکانی نیشتەجێ کەوتووە و گوتیشی: "بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانەوە مزگەوتی ئەبو عوبەیدە بن جەراح لە ناوچەی کەفر زەتە لە باکووری حەما رووخاوە. رژێم و ھاوپەیمانانی بەشێوەیەکی چڕ ھێرش بۆ سەر دەوروبەری ئیدلب و حەما ئەنجام دەدەن".
ئەندامی کۆمیتەی ناوخۆیی سووریا لە شارۆچکەی دومان، یوسف ئەلبوستانی رایگەیاند ھێزەکانی رژێم لە وشکایی و ئاسمانەوە بە چڕی ھێرش بۆ سەر گەڕەکی کابونی شاری دیمەشق ئەنجام دەدەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە.