Nuri Aydın
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2022
پێشاوەر - AA
لە ئاکامی ھێرشێک بە بۆمب بۆسەر مزگەوتێکی شیعەکان لە باکووری خۆرئاوای پاکستان، ٤٥ کەس کوژران و ٦٥ی دیکەیش برینداربوون.
بەڕێوەبەری ئاساییشی شاری پێشاوەر، محەمەد ئێجاز خان رایگەیاند، هێرشەکە کراوەتە سەر مزگەوتی کوچا ریسالدار لە میانی ئەنجامدانی نوێژی هەینیدا.
محەمەد ئێجاز خان ئاماژەی بەوە دا، سەرەتا هێرشەکە بە تەقەکردن له چەند پۆلیسێکی نزیک مزگەوتەکە دەستی پێ کردووە و دواتر بەشێک لە هێرشبەران هاتوونەتە ناو مزگەوتەکە و خۆیان بە نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەکەدا تەقاندۆتەوە.
خان راشییگەیاند، هێرشەکە کوژرانی ٤٥ کەس و برینداربوونی ٦٥ی دیکەی لێکەوتووەوە و لە ئاکامی هێرشی سەر پۆلیسەکانی دەرەوەی مزگەوتەکەیش پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکەیش بریندار بوو.
بەگوێرەی شایەتحاڵانی رووداوەکە، مزگەوتەکە نزیکەی ١٥٠ کەسی لێبووە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرز ببێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، عمران خان ئیدانەی هێرشەکەی کرد.
یەکێک لە برینداربووانی هێرشەکە کە پێشتر سەربازی سوپای وڵاتەکەی بووە، بەناوی شێر عەلی بانگەوازی لە بەرپرسان کرد، شیعەکانی وڵاتەکەی باشتر بپارێزن.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت داعش یان تاڵیبانی پاکستان دەستیان لە ئەنجامدانی هێرشەکەدا هەبوو بێت.