Abdullah Shukur
17 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2019
واشنتۆن - AA
یەکێک لە دوو ئەندامە موسڵمانەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا بە ناوی رەشیدە تلایب رایگەیاند کە پێویستە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی ئاشکرا و روون لەبارەی "رەگەزپەرستی سپیی پێست" و "تیرۆری ناوخۆیی" بڵاو بکاتەوە.
تلایب بەشداری لە پرۆگرامێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی کرد و رەخنەی لە ھەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی نیوزلەندا بۆ سەر دوو مزگەوت گرت.
تلایب رەخنەی توندی لە لێدوانێکی ترەمپ گرت بەوەی کە گوتووبوی "رەگەزپەرستی سپی پێست لە بەرزبوونەوەدا نییە، ئەوان گرووپێکی بچووکن"، تلایب لەمبارەیەوە رایگەیاند: "بەرێز ترەمپ پێویستە تەلەفۆنێک بۆ وەزیری داد بکات. ئەو کات ئامارە راستییەکانی بەرزبوونەوەی رەگەزپەرستی سپی پێست لە ئەمریکا دەبینێ".
رەشیدە تلایب ئاشکراشی کرد کە رەگەزپەرستی سپی پێست کێشەیەکی جددیە و گوتیشی: "ئەو (ترەمپ)، پێویستە لەوە باشتر پێشکەش بە ئێمە و بە وڵات بکات. پێویستە ئەو ھێرشە رەگەزپەرستانە بە دەنگێکی بەرز ئیدانە بکات و پەیامی روون لەمبارەیەوە بڵاو بکاتەوە. وەک سەرۆکی ئەمریکا بەپرسیارێتی ئەستۆدایە".