Hemin Hüseyin
20 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە، موقدەم یونس گۆران رایگەیاند کە لە سێ میحوەری باكووری مووسڵ هێزەكانی پێشمەرگە 12 گوندیان كۆنترۆڵ كرد و لە ئێستادا 12 كیلۆمەتر لە مووسڵ دوورن.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، یونس گۆران گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە 12 گوندیان كۆنترۆڵ كرد كە دەكەونە هەرسێ میحوەرەکەی باكووری مووسڵ".
ئەفسەرەكەی هێزەكانی پێشمەرگە باسی لەوەیش كرد کە گوندەکانی "قائیم، ناوەران، سماقی، باریمە، خورساباد و فازلییە" لە میحوەری ناوەران و گوندەکانی "ئیمام رەزا، تێسخراپی گەورە و بچووك و خراپ دەلی وبیر حەلان" لە میحوەری باشیك لەگەڵ گوندی "مار ئۆرا" لە میحوەری تلسقۆف، ئەمڕۆ لە چوارەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە لە باكووری مووسڵ كۆنترۆڵكرانەوە.
یونس گۆران دەشڵێت، بە كۆنترۆڵكردنەوەی گوندی خورساباد لە میحوەری ناوەران، پێشمەرگە بە 12 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵ دوورە.
گۆران دووپاتیشی كردەوە کە لەو میحوەرەوە پێشمەرگە بە ئاراستەی شاری مووسڵ لە پێشڕەویی دایە.
لەلایەكی دیكەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە نزیك میحوەری باشیك رایگەیاند، لەناو باشیك
شەڕێكی سەخت و قورس دەگوزەرێت.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "تیرۆریستانی داعش لە ناو باشیك داوای هێزی پشتیوانی و بەهاناچوون دەكەن".
هەر بە گوتەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناو ناحیەی باشیك، بە كەسی خۆكووژ هەوڵدەدات پێشڕەویی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناو ناحیەكە رابگرێت".