ملبۆرن - AA
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا تۆنی ئابوت رایگەیاند: "دوای ئەوەی بارودۆخی عێراق رووی لە خراپ بوون کردووە، رەنگە لە چوارچێوەی پلانێکی ھاوپەیماناندا سەربازانی ئوستراڵیا بەشێوەیەکی سنوردار بگەڕێنەوە عێراق بۆ پێشگیری لە ئەگەری روودانی کۆمەڵکوژی."
لە میانەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بریتانیا، تۆنی ئابوت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بریتانیا فلیب ھامۆند و لێپرسراوانی بەرگری و ھەواڵگری ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە و لە بارەی کردەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکانی، ئابوت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانماندا ئەنجاممانداوە، رەنگە سەربازانی ئوستراڵی بگەڕێنەوە بۆ عێراق. لە راستیدا پێدەچێت ئەوەش ببێتە پڕۆژە بڕیارێکی مرۆیی بۆ پاراستنی ژن و پیاو و منداڵان لە پەلامار و کوشتارەکان.
ئابوت جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەرکی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق وەک رابردوو نابێت، بەڵکوو سنوردار دەبێت و تەنیا بۆ بەرگرتن دەبێت لە ئەگەری روودانی کۆمەڵکوژی.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئوستراڵیاش لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی بەرنامەی یارمەتی مرۆییدا بەشێوەیەکی بەپەلە چوار ھەزار پەنابەر وەردەگرێت.
بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەرنامەی پەسەند کردنی پەنابەران بە ئامانجی پاراستنی ئەو ھاوڵاتییە مەسیحیانەیە کە کەوتونەتە بەر ھەڕەشەکانی رێکخراوی داعش.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئوسترالیا ئەوەش دەخاتەڕوو، کە لەنزیکەوە چاودێری بارودۆخی عێراق و سوریا دەکات، راشیدەگەیەنێت بەرنامەی پەنابەران بەشێکە لە دەستێوەردانی بەپەلە.
لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی ئوستراڵیا، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەو وڵاتەیە رایگەیاند: "یارمەتیەکانی حکومەتی فیدراڵی ئوستراڵیا بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی پێویست نییە" و داوا دەکات بە پەلە ئەو یارمەتیانە زیاد بکرێن.
تانیا پلیبێرسک، گوتەبیژی پارتی کرێکارانی ئوستراڵیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە زیاتر یارمەتی ئەو کەسانە بدرێت کە کاریگەری جەنگیان بەسەرەوەیە، رەخنەشی لە کەمکردنەوەی بودجەی فیدراڵ گرت بۆ یارمەتییە دەرەکییەکان و گوتی: "ساڵی پار حکومەت ٧.٧ ملیۆن دۆلاری بۆ گەشەپیدانی وڵاتانی دوور لە دەریا تەرخان کرد، کە ئەوە مایەی سەرسوڕمانە. ئوستراڵیا خاوەنی توانایەکە، کە دەتوانێت زیاتر یارمەتی خەڵکی عێراق بدات."