Heman Hussein Yaseen
07 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2026
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوو، بەر ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیل کەوت لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بەھۆیەوە دوو ھاوسەر بەناوەکانی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) شەھیدبوون.
ماڵەکە لە ناوەڕاستی گوندەکەیە و خانووێکی ئاسایی یەک نھۆمییە، کە پێکھاتووە لە ژوورێکی خەوتن، ھۆڵێک، ژوورێکی میوانان و چێشتخانەیەک کە ژن و پیاوێک و دوو منداڵەکەیان تێیدا دەژیان و شەوی ڕابردوو بەھۆی ھێرشێکی دڕۆنیی کە دژە تیرۆری هەرێم ڕایگەیاندووە لە ئێران ئاراستەکرابوو، ژن و پیاوەکە گیانییان لەدەستدا و ھەردوو منداڵە کچەکەی (دلین)ی تەمەن پێنج ساڵە و (مەلین)ی تەمەن سێ ساڵە بە ھەتیووی مانەوە.
تیمی ئاژانسی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی شوێنەکەی کرد، دڕۆنەکە بەشێوەی ستوونی ڕاستەوخۆ بەر ژووری خەوتن کەوتووە و بەھۆیەوە ژن و پیاوەکە گیانییان لەدەستداوە و، ھەردوو منداڵەکەش لە ژووری میوانان خەوتوونە و وێڕای ئەوەی ماڵەکە تەواو خاپوور و شێواوە بەڵام بچووکترین دیمەنەکانی ژوورەوە، قووڵترین چیرۆک دەگێڕنەوە و ھێشتا مەمەی شیری منداڵە سێ ساڵانەکە وشک نەبووەتەوە و سەرپۆش و بەرماڵی دایکەکەش لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا تەپ و تۆز دایپۆشیووە و ھەموو شتێکی ئەو ماڵە کەوتوونەتە سەر یەکتر و لە پاشماوەی شەڕێکی وێرانکەر دەچێت.
لەوەتەی دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، گرووپەکانی نزیکی ئێران لە عێراق، ھێرشەکانییان بۆسەر ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و تا ئێستا ٦٨٩ دڕۆن و مووشەک ئاراستەی ھەرێمی کوردستان کراوە و لەم ژمارەیەش ٥٤٥ ھێرش بۆسەر ھەولێر، ١١٤ بۆ سلێمانی، دھۆک ٢٨ و ھەڵەبجەش دوو ھێرش بووە.