Heman Hussein Yaseen Yaseen
08 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2019
هەولێر - AA
دوای رەوشی سووریا و دواتر پەلاماردانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق، ژمارەیەک کەمپ لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەران کرانەوە و دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی کارگێڕی کەمپەکان دەکات.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەمپەکانی پارێزگای هەولێر سەرجەمیان لە لایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی-یەوە ئیدارە دەکرێن کە ژمارەیان ١١ کەمپە و کەمپێکیش هاوبەشە و کە لە لایەن ئیماراتەوە دروستکراوە بۆ حاڵەتی لەناکاو".
موسا ئەحمەد ئەوەیشی خستەڕوو، ژمارەی دانیشتووانی ناو کەمپەکان رۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە تایبەتی لە هەردوو کەمپی حەسەن شام و دیبەگە، ئاماژەیش بەوە دەکات ژمارەی کە ئەو ئاوارانەی دووبارە دەگەڕێنەوە ناو کەمپەکان زیاترە لەوانەی بەرەو زێدی خۆیان دەچنەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتیشی: "بەگشتی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ٣٨ کەمپ هەیە و بۆچوونمان وابوو کە دوای ئازادکردنی مووسڵ، ئەوا گەڕانەوە بۆ ناو مووسڵ و شوێنەکانی دیکە زیاتر دەبێت، بەڵام ماوەیەکە لە هەندێک کەمپ ژمارەی ئەوانەی دووبارە دەگەڕێنەوە ناو کەمپەکان زیاترە لەوانەی دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئاژانسەکانی یوئێن قسەمان کردووە".
لەبارەی هۆکاری دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو کەمپەکان، موسا ئەحمەد گوتی: "بەپێی ئەوەی لە زاری خۆیانەوە گوێمان لێبووە، ئاوارەکان کاتێک دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان لەوێ هەست بە ئەمنییەت ناکەن و بژێوی ژیانییان نییە و هاوکاری ناکرێن نەبوونی بنکەی تەندروستی و قوتابخانەش یەکێکە لە کێشەکانییان، جگەلەوەش، بەشێکیان خانووەکانیان خاپوور بووە و حکوومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوێکی بۆ هاوکاری ئەوانە نەناوە، بۆیە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە ناو کەمپەکان و سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن".
موسا ئەحمەد گوتیشی: "بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە پەنابەران لێرەن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هیچ هاوکارییەکی نەکردوونە، بەڵام بۆ ئاوارەکان بەڵینیان داوە هاوکارییەکانییان زیاتر بکەن و ئەگەرنا بارودۆخی ئاوارەکان باش نییە و ماوەیەکی زۆرە هیچ هاوکارییەک لە لایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقییەوە نەکراوە".
سەبارەت بە زۆرترین ئاوارەش لە کامە ناوچەیەوە هاتووە، مووسا ئەحمەد گوتی: "پەنابەرەکان لە سووریاوە هاتوون و زۆرترین ئاوارەکانیش خەڵکی مووسڵن بەو پێیەی شنگالیش بەشێکە لە مووسڵ".