ئەنقەرە
وەزیری وزەی تورکیا تانەر یڵدز لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی رۆژی نەتەوەیی لە باڵیۆزخانەی روسیا لە ئەنقەرە، سەبارەت بە ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان، بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "رۆژانە نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە باکووری عێراقەوە ھەناردەی تورکیا دەکرێ، ھیچ گۆڕانکارییەک لە ئێستادا رووینەداوە و ھەناردن بەردەوامە."
لە گوتەکانی یڵدز سەبارەت بە رووداوەکانی موسڵ گوتی: "وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی رووداوەکان روونکردنەوەی پێویست دەدا، من تەنیا لەبارەی وزەوە لێدوان و زانیاری دەدەم."
لەبارەی فرۆشتنی نەوتی خاو لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە بۆ جیھان، وەزیری وزەی تورکیا گوتی: "لە رێگەی تەندەرەوە نەوت لە لایەن عێراقی باکوورەوە فرۆشراوە، ئەو نەوتەی دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکان دەنێردرێ، ئێمە تەنیا لە گواستنەوەی بەرپرسین."