ئەنقەرە
ناوەڕۆكی راگەیاندراوەكە بەم شێوەیەیە:
"چەكدارانی داعش بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێرشیان كردووەتە سەر كۆنسۆڵخانەکەمان لە موسڵ و كارمەندەكانمانیان بۆ ناوچەیەكی دەرەوەی شارەكە گواستووەتەوە.
لە رووداوەكەدا، كۆنسوڵ و 49 كارمەند و ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكانیان لە بارەگای كۆنسۆڵخانەكە بوونە. بۆ گەڕاندنەوەی كارمەندەكانمان ھەموو ھەوڵێك دەدەین، لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا كردووە و ئاماژەمان بەوەداوە كە لە دابینكردنی ئاسایش بۆ کۆنسوڵخانەکەمان بەرپرسیارن. لە لایەكی دیكەوە سەرەتا نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ھەوڵی پێویست لەمبارەیەوە دەدەن. جەنابی وەزیرمان پەیوەندی لەگەڵ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە و بابەتەكەی تاوتوێ كردووە."
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە لە وێستگەی كارەبای شارۆچكەی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، 31 ھاوڵاتی توركیا بە بارمتە گیراون.
هەروەها ئاماژە کراوە کە "لە ھەوڵی ئازادكردنەوەی ھاوڵاتییەكانمان بەردەوامین، توركیا بە دۆخی عێراقی دراوسێ و دۆستی زۆر نیگەرانە و ھیوادارە بە زووترین كات ئاشتی و سەقامگیری لەو وڵاتە دابین بكرێ."
هاوکات هێرشی سەر دێبلۆماتەكان و ھاوڵاتییەکانی تورکیا بە توندی سەركۆنە کراوە و باس لەوە کراوە کە "پێویستە بە زووترین كات كارمەندانی كۆنسوڵخانە و ھاوڵاتییەكانمان ئازاد بكرێن، لە بەرامبەر ئەم رووداوانە بێ دەنگ نابین، با ھەموو كەسێ بزانێ ھەر چی پێویست بێ دەكەین."