Hemin Hüseyin
25 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی راگەیاندنی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە پەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەرکردووە و ھیچ جیاوازییەکی رەگەزیی لە دامەزراوە حکومییەکاندا نییە.
لە کۆنفڕانسەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە پێویستیمان بە پاڵەپەستۆی ژنانە، بۆ ئەوەی بتوانین لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا ھەنگاو بنێین، پرسی ئافرەت یان توندوتیژی، پرسی کولتوورێکی کەڵەکەبووی سەدان ساڵە، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان ناتوانن بە تەنها ئەو کارە بکەن، ئەگەر لە لایەن ژنان خۆیانەوە پاڵەپەستۆیەک نەبێت، ئێمە ھەموو ئامادەییەکمان تێدایە بۆ ئەوەی لەژێر ئەو فشارەی ئەواندا ھەنگاوی پێویست لە پێناو بەرژەوەندی یەکسانی نێر و مێ دا ببنێین، بێگومان لە ساڵانی رابردووشەوە کۆمەڵێک پرۆژەمان خستووەتە بەردەم پەرلەمان و ئەوانیش یاسای پێویستیان بۆ پاڵپشتی لە مافی ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەرکردووە کە ئێستا دامودەزگای تایبەت بە خۆیان ھەیە و بەدواداچوون دەکات، جگە لەوەش هەرچییەکمان لەدەستھاتبێت بۆ پشتیوانی لە رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان کردوومانە، ھێڵی گەرمی ١١٩ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەردەستە و کراوەیە".
لە کۆنفڕانسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان کۆبیشی کرد و گوتی: "بەو بۆنەیەوە سوپاسی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، یان کۆبیش دەکەم کە ئەمڕۆ لەو مەراسیمەدا بەشدارە لەگەڵ ئێمە، بێگومان بەشداربوونی بەڕێزیان نیشانەی پشتیوانی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لیژنەی خانمانە کە بەو ئەرکە ھەڵدەستن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رووی لە میدیاکاران کرد بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە رووداوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان نەکەن و گوتی: "ئێمە ھانی راگەیاندنمانداوە کە چاوپۆشی لە پرسی توندوتیژی نەکەن و ھەموو رووداوێکی نەرێنی و ناشرین بخەنە بەردەم رای گشتی، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان رێگەمان خۆشکردووە بۆ ئەوەی رەگەزی مێ لە ھەموو بوارە گشتییەکانی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێتە پێشەوە و رۆڵی خۆیان ببینن، داوا لە راگەیاندنی کوردستان دەکەم ھێشتا کاراتر بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و توندوتیژی جێندەری و پێیان دەڵێم کە ئەگەر لە ھەموو مەسەلەیەکدا کەلێن و بوارێک ھەبێت بۆ خاوی و سستی، دڵنیابن لەو مەسەلەیدا ھیچ کەلەبەر و بوارێک نییە بۆ خاوی سستی یان بۆ خۆدزینەوە، ئێمە تاسەر ئێسقان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی زوڵمداین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە کولتوور تەنیا رێگای پەروەردەی قوتابخانە دەگۆڕێت، بە جۆرێک پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەک بن کە یەکسانی تیایدا رەنگبداتەوە و، رۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایان گۆڕانیان بەسەردابێت و گوتیشی: "ئێمە رەنگە بتوانین لە رێگای سزا و یاساوە بەشێک لە کۆمەڵگە بگۆڕین، بەڵام گۆڕینی سەرەکی تەنھا بە دروستکردنی بیرکردنەوەیەکی تازە لای پەروەردەی منداڵان و نەوەکانەوە جێبەجێ دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی داوایشی لە مامۆستایانی ئایینی کرد کە بە چاوی سەردەمیانە سەیری بارودۆخی ژیان بکەن و راشیگەیاند کە کۆمەڵگەی کوردستان سەدان ساڵ پێش ئێستا بە کۆمەڵگەیەکی رێزگرتن لە مافی ژن ناسراوە، جەختی لەوەشکردەوە کە گەڕیدە رۆژئاواییەکان لەسەدەی شانزەھەمەوە چەندین کتێبیان لەبارەی کوردستانەوە نووسیووە کە باسی ئازادی ژنانی کوردستان دەکەن و ئاماژەی بە دەقێکی ئەحمەدی خانی کرد و گوتی: "مامۆستای گەورەمان ئەحمەدی خانی لە شاکارە مەزنەکەیدا بە ناوی مەم و زین، باسی ئەو ئازادییەی کردووە و گوتوویەتی من ئەو چیرۆکەم بۆیە نووسی تا خەڵکانی نەناس و بیانی نەڵین کچان و کوڕانی کورد ئازاد نەبوون لە یەکسانی و گۆڕینەوەی ھەستی خۆشەویستیدا".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەحمەدی خانی دەڵێت: دا خەلق نــەبێژتن کو ئەکراد، بێ مەعرفەتن بێ ئەێل و بنیاد. ھەم ئەھلی نەزەر نبێن کوکرمانج، عەشقی نەکرن ژبۆ خوە ئارمان".
بارزانی روونیشیکردەوە کە لە سەردەمی خۆیدا، شێخ عەبدولسەلام بارزانی زۆر رێنوێنی بۆ نەھێشتنی چەوساندنەوەی ژن دەرکردووە لەنێویاندا نەھێشتنی فرەژنی گوتی: "ئێمە وەچەی بیر و ھزری ئەو پیاوە گەورانەین و دەبێت بەدوای ئەوەدا بڕۆین نەک بیری دواکەوتوو لە شوێنانی ترەوە بھێنین و بیکەینە بەشێک لە ژیانی خۆمان. سەردەمی جاران کاتێک پیاوێک دەگەڕایەوە ماڵ، ژن پرسیاری دەنگوباسی دەرەوەی لێی دەکرد، بەڵام ئێستا ژنان و پیاو وەک یەک و بەبۆچوونی من ژنان زیاتر لە پیاوان ئاگاداری ھەموو دەنگوباسێکن و ھەموو وردەکارییەکیشن کە لە کۆمەڵگە روودەدات دەیزانن، کاتیان زیاترە و بەردەوام سەیری سۆسیال میدیاش دەکەن".