Hemin Hüseyin
18 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2018
هەولێر - AA
ئەمشەو شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەشێکی زۆری شەقامەکان بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە هاتوچۆ تیاندا راگیرا و درەنگانێکی شەویش بە هۆی زۆری بارانبارینەوە بەشێک لە ماڵەکانی گەڕەکی گڵکەند ئاوی تێچوو و لە ژمارەیەک خانوو بە بەرزی زیاتر لە مەتر و نیوێک ئاو لەناو ماڵەکانییاندا هەبووە و بەم هۆیەوەیەشەوە تەواوی کەلوپەلی ماڵەکان ژێر ئاو کەوتوون لە هەندێک شوێن بەرمیلی نەوت بە هۆی شەپۆلی لافاوەکە لە ماڵەکان هاتووەتە دەرەوە و کەوتووەتە ناو کۆڵانەکان، مێرمنداڵێکیش کە بە رەگەز عەرەبە و خەڵکی پارێزگای ئەنبارە و بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو گەڕەکە گیرساونەتەوە، شەپۆلی لافاوەکە چەند مەترێک بردوویەتی، بەڵام دوای چەند خولەکێک توانراوە لە خنکان رزگار بکرێت.
لەو گەڕەکەدا بە هۆی نزیکی لە بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل، ئەوا هەندێک لە خانووەکان وەک کۆگا بەکاردەهێنرێن، یەکێک لە خاوەنی کۆگاکان ئاماژە بەوە دەکات، گوایا ئاوەڕۆی گەڕەکەکە چاککراوەتەوە، بۆیەش ئەوان بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ کەلوپەلەکانییان لە کۆگاکان داناوە، بەڵام دوای بارانبارینەکە ئەوەیان بۆ روون بووەتەوە کە ئاوەڕۆکان وەکو ساڵانی پێشووە و بە گوتەی خۆیان نەک هەر چاکنەکراونەتەوە، بەڵکو خراپتریش بوون بە هۆی ئەوەی ئەمجارەیان لە کۆگاکەیدا ئاو بە بەرزیی مەتر و نیوێک هاتووەتەوە ژوورەوە و تەواوی کەلوپەلەکان ژێر ئاو کەتوون.
خاوەنی کۆگاکە، سیامەند رەحمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای بارانبارینەکە، کاتژمێر چواری بەرەبەیان بەپەلە گەیشتینە ئێرە و سەیرمان کرد ئاو بە بەرزیی زیاتر لە مەتر و نیوێک هاتووەتە ژوورەوە و بەم هۆیەوەش تەواوی کەلوپەلەکان ژێر ئاو کەوتوون و نزیکەی ٤٠ تا ٥٠ هەزار دۆلار زەرەر و زیانمان پێگەیشتووە،".
سیامەند رەحمان گوتیشی: "ساڵی رابردوو دوای لافاوەکە، گوتیان ئاوەرۆکان چاککراوونەتەوە، بەڵام خراپتر بووە و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چارەسەری ئاوەڕۆکە نەکراوە".
یەکێک لە زیانپێگەیشتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە لایەن دراوسێکانەوە ئاگادارکراونەتەوە ئەگەرنا لە ژوورەوە دەخنکان.
موخلیس سەدیق بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "کاتژمێر سێ و نیوی شەو تەلەفۆنمان بۆ کرا بۆ ئەوەی ئاگاداربین، بەپەلە هەڵساین و ئەگەر ئاگادارنەکرابووینایەوە ئەوا هەموومان لە ژوورەوە دەخنکاین، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئاوەڕۆکان وەک پێویست نین، ئێستاش تەواوی ماڵەکانمان ژێر ئاوکەوتووە و هەتا یەک مانگی دیکە ناتوانین بگەڕێینەوە ماڵەکانمان".
ئیدریس سەدیق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا دووجار ئاوەڕۆکەیان هەڵکەندووە و ئێستاش دەبینین بارودۆخەکە چۆنە، تا ئێستا ئاوەڕۆکە کاری نەکردووە، بە دوو کاتژمێر باران بارین ئەو لافاو دروست دەبێت، ئێستا تەواوی ماڵەکەمان ژێر ئاو کەوتووە، هیچ کەلوپەلێک بە کەڵک نایەت کە جارێکی دیکە بەکاری بهێنینەوە".
ئافرەتێکی بەساڵاچووی تەمەن حەفتا ساڵ، بە ناوی حەلیمە موسا شەوی رابردوو بە تەنیا لە ماڵەوە بووە و کەوتووەتە ناو ئاوەوە، بەڵام توانیوویەتی خۆی لە خنکان رزگار بکات.
حەلیمە موسا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر سێی شەو بوو تەلەفۆنیان بۆم کرد و گوتیان لافاوە، منیش دەرگای ژوورەوەم کردەوە و کەوتمە ناو ئاوەکە، بە پەلە خۆم گەیاندە سەر پلیکانەکان بۆ ئەوەی نەخنکێم، من بەتەنیا لە ماڵەوە بووم، کوڕەکانم پێشمەرگەن لە پێشخاپوور و زوممار لە ئەرکدان".
مێردمنداڵیکی عەرەب بە ناوی یەحیا محمود کە خانەوادەکەی بە هۆی توندوتیژی و خراپی رەوشی پارێزگای ئەنبار هەڵاتوون و ماوەیەک دەبێت لە گەڕەکی گڵکەند گیرساونەتەوە، ئەم بەرەبەیانییە لافاو دەیبات، بەڵام هەر زوو دراوسێکانی دەتوانن لە خنکاندن رزگاری بکەن.
یەحیا محمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ویستم خۆم رزگار بکەم چونکە ئاوەکە زۆر بوو، بەڵام شەپۆلی ئاوەکە منی لەگەڵ خۆی برد و ئاو تا گەردنم بوو، دواتر خەڵکی گەڕەک منیان رزگار کرد، ئەگەر نا ئاوی بارانەکە منی لەگەڵ خۆیدا دەبرد".