جنێڤ
رێكخراوەی تەندروستیی جیھانی ئاشكرای كرد ھەفتەی رابردوو لە سێ وڵاتی ئەفریقیا نزیكەی 600 تووشبوو تۆماركراون.
رێكخراوەكە بە راپۆڕتێك رایگەیاند كە تا ئێستا ژمارەی قوربانییانی نەخۆشییەكەی ئیبۆلا گەیشتووە پێنج ھەزار و 689 كەس.
لە راپۆڕتەكەدا ئاماژە بەوەكرا، تا 23ی تشرینی دووەم 15 ھەزار و 935 تووشبوو تۆماركراون كە بەشی زۆرینەیان خەڵكی وڵاتانی ئەفریقیای خۆرئاوان وەك لیبێریا، گینیا و سییەرا لیۆنن.
رێكخراوەكە ھەفتەی رابردوو ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلای راشگراكردبوو كە گەیشتووەتە 15 ھەزار و 351 كەس.
لە ھەفتەی دواییدا لە گینیا 148، لە لیبێریا 67، لە سیەرا لیۆن 385 تووشبوو تۆماركران. ھەروەھا راشیگەیاندرا كە سێ كارمەندی تەندروستیش تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
بە پێی ئەو راپۆرتەی رێكخراوەی تەندروستیی جیھانی پێدەچێ ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەكە لە گینیا و ھەندێك ناوچەی لیبێریا وەستابێ و لە ژمارەیەك ناوچەی لێبێریا بەرەو كەمبوون دەڕوات بەڵام لە سیەرا لیۆن ئەو رێژەیە لە هەڵكشان دایە.