Abdulhameed Husseın Karam
18 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر کۆبووەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتیی و کاریگەری و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران. ھەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامیی ئاگربەست و بەدیھاتنی ئاشتیی و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "وەزیری بەرگریی تورکیا ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە نەبووە بەشێک لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا داکۆکی لە ھەماھەنگیی ھەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی کردەوە. ھەر لەمبارەیەوە ستایشی ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد".
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا باسی لەوە کراوە کە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامیی و سەقامگیریی دەبێت و، خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش.
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.