Heman Hussein Yaseen
21 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2025
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم دا ھاتووە: "بە خەمێکی زۆر و دڵتەنگییەکی قووڵەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیسم بیست کە سیمبولێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان و نموونەیەکی خاکەڕایی و ڕۆحانییەت و بەزەیی بوو".
نێچیرڤان بارزانی بەناوی ھەرێمەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵی پێشکەش بە جیھانی مەسیحی و تەواوی مرۆڤایەتی کردووە و لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشدا هاتووە: "ھاوئازاری لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە مێژووییە گەورەیەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەرگری لە شکۆی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان تەرخان کردبوو".
سەرۆکی هەرێم ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، لە ھەرێمی کوردستان، کە فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بنەمای کۆمەڵگەکەمان پێکدێنن، میراتی مرۆیی و ڕۆحیی پاپا فرەنسیس بەرز دەنرخێنین و نزا دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین گیانی بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.
سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی بە سەردانەکەی پاپا فڕانسیس کردووە کە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ھەرێم ئەنجامی دا و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یاد و پەیامەکەی ھەمیشە بە چرای ھیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆ ئێمەش یادی سەردانەکەیان بۆ ھەمیشە زیندووە و جێی شانازیمان دەبێت.