Hemn Baban
24 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر-AA
لەم مۆزەخانەیە دەیان بەرد و گەوھەر ھەن کە نموونەیان یان کەمە یان زۆر دەگمەنن، پڕۆژەکەش پڕۆژەیەکی کەسی کەرتی تایبەتە.
لە سوچێکی پیرە قەڵاکەی ھەولێر و لەنێو یەکێک لە خانووەکانی کە دەکەوێتە شوێنێکی بەرز و مێژوویی، مۆزەخانەیەکی جیاواز ھەڵکەوتووە، مۆزخانەیەک کە بە ئەرکی کەسیی جیۆلۆجیناسێک دروستکراوە و زۆرینەی ھەرە زۆری بەرد و گەوھەرەکانی ئەم شوێنە بۆ ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە.
سەربەست مەجید پیاوێکی رووخۆش و دەم بە پێکەنین، ئەو لەدایکبووی ساڵی ١٩٦١ە، کاتێک چووینە مۆزخانەکەی بەدەم باسکردن و شیکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی لەبەردەمییدا بوو سڵاوی لێکردیین لەو کاتەی لەنێو بازنەیەک بوو لە قوتابییانی زانکۆ کە بۆ فێربوون و ناسینەوە و بینینی بەرد و گەورەھەکانی مۆزەخانەکەی ھاتبوون، لەنێو ئەم مۆزەخانەیە بە سەدان بەردی جیاواز و گەوھەری جۆراوجۆر ھەن، ھەموویان لە شوێنی تایبەت و لەنێو جامخانەکاندا پارێزراون و ھەریەکێک لەمان تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازی خۆی ھەیە.
سەربەست مەجید پێشتر ئەم مۆزەخانەیەی لە شارۆچکەی شەقڵاوە دامەزراندبوو، بەڵام پێش زیاتر لە ساڵێک و لەسەر داوای پارێزگاری ھەولێر مۆزخانەکەی گواستووەتەوە بۆ نێو پیرە قەڵاکەی ھەولێر و لێرەوە کەسانێکی زیاتر و زۆر کەلوپەلەکانی دەبینن و لێیوە سوود وەردەگرن، بەتایبەت قوتابیان و خوێندکاران، ھەروەھا شوێنێکی سەرنجڕاکێشیشە بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی قەڵاکە دەکەن.
سەبارەت بە مۆزەخانەکە و وردەکارییەکانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو خاوەنی مۆزخانەکە "مۆزەخانەی ھەولێر بۆ بەرد و گەوھەرەکان"، سەربەست مەجید عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو ساڵان و رۆژگارێکی زۆری لە پێناو کۆکردنەوە و ھەڵگرتن و کڕینی ئەو بەرد و گەوھەرانەدا خەرج کردووە، لەپاڵ پارەیەکی زۆر کە بۆ دەستخستنییان داونی، سەربەست پتر لە نیوەی تەمەنی خۆی بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو خولیایەی کە حەزێکی لە مێژینەیەتی تا لەگەڵ بەرد و گەوھەرەکاندا دەست و پێ سپی بکاتەوە تەرخانکردووە، ناوبراو لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەو مۆزەخانەیە ئەنجامی ماندووبوونی زیاتر لە ٣٥ ساڵە کە لەو ماوەیەدا ئەو بەرد و گەوھەرانەم کۆکردووەتەوە، خەونێکی گەورە بوو بۆ من کە بتوانم مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە بۆ بەرد و گەوھەرەکان دابمەزرێنم و یەکەم بێت لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش".
ئەو دەشڵێت "پێشتر ئەم مۆزخانەیەم بۆ ماوەی ساڵێک لە شەقڵاوە بوو، دواتر لەسەر داوای پارێزگاری ھەولێر مۆزەخانەکەمان ھێنایە ھەولێر و بە رەزامەندی کۆمیسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵا و نوێنەری رێکخراوی یونیسکۆ لە ھەولێر ئەم شوێنەمان پێدرا و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم مۆزخانەیە لێرە خزمەت بە گەشتیاران و قوتابیان و خەڵکی ئاسایی دەکات و ئەوانەی سەردانی ئێمە دەکەن لە ئارەزوومەندانی بەرد و گەوھەرەکان رۆژانە و ساڵانە ژمارەیان لە زیادبووندایە".
قەڵای ھەولێر گردێکی شوێنەوارییە و تەمەنی شەش هەزار ساڵ دەبێت، بە کۆنترین قەڵا لە جیھاندا دادەنرێت، زیاتر لە ٣٠ مەتر لە ئاستی زەوی و ٤٣١ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، رووبەری قەڵاکە نزیکەی ١١٠ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە، نزیکەی ٥٠٦ خانووی تێدایە و بەسەر سێ گەڕەک "تۆپخانە، تەکیە، سەرای" دابەش دەبن، قەڵاکە بە شێوەیەکی زۆر پتەو و قایم بونیادنراوە و شوێنێکی پارێزراو بووە بۆ نیشتەجێبوانی لە ھەر ھێرشێکی دەرەکی، قەڵاکە چەندین نەخش و نیگاری تیادایە کە سەرنجڕاکێشن و یەکێکە لەو شوێنەوارانەی کە خراوەتە نێو لیستی یونیسکۆ بۆ کەلەپووری جیھانی.
سەربەست کە ھیچ بێزارییەکی پێوەدیارنەبوو لەگەڵ پرسیاری زۆری ئەو قوتابییانەی بۆ سەردانیکردنی شوێنەکە ھاتبوون و وەکو شارەزایەک بە دڵفراوانییەوە وەڵامی دەدانەوە، سەربەست بەشی جیۆلۆجیی زانکۆی مووسڵی لە ساڵی ١٩٨٤-١٩٨٥ تەواوکردووە، ئەمەش وایکردووە ئەو خولیایەی ھەیەتی پتر بەدەمییەوە بچێت و بە پیرییەوە بڕوات.
خاوەنی مۆزخانەی ھەولێر بۆ بەرد و گەوھەرەکان باسی لەوەشکرد کە چەندین وەزیر و بەرپرس و باڵیۆزی وڵاتانی بیانی کە سەردانی قەڵای ھەولێر و شارەکە دەکەن بۆ بینینی بەرد و گەوھەرەکانیش سەردانی مۆزەخانەکەی ئەوانیش دەکەن.
سەربەست مەجید لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەم مۆزخانەیە بووەتە ھێمایەکی گەشتیاریی گەش و ھیوادارم حکوومەت و خەڵک زیاتر پشتگیریی بکەن بۆ ئەوەی ئاستی زیاتر بەرەو پێش بڕوات بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی مۆزەخانەیەکی جیھانی".
ھەروەھا روونیشی کردەوە "مۆزەخانەکەی ئێمە ھیچ پەیوەندییەکییان بە شوێنەوار و کەلەپوورەوە نییە، مۆزەخانەیەکی تایبەتە بە بەرد و گەوھەرەکان کە تەمەنی ئەمان ھیچییان تەمەنییان لە سەدان ملیۆن ساڵ کەمتر نییە، ھەندێک فۆسیلەکانیش تەمەنییان ھەیە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن ساڵە، ماسییەکان، گاسترۆبۆدەکان نزیکەی ٦٥ تا ٢٥٠ ملیۆن ساڵ دەبێت، ھەروەھا مەرجانی سەرەتاییمان ھەیە ھی کوردستانیشی تیادایە کە بۆ سەردەمی دیڤۆنی دەگەڕێتەوە کە تەمەنی ٣٨٥ ملیۆن ساڵ دەبێت".
ئەو جیۆلۆجیناسە کە بە ھۆی ئەوەی لە شوێنێکی وەکو شەقڵاوە لەدایکبووە و ناوچەیەکی شاخاوییە بە بۆچوونی ئەم ھۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەردەکاندا ھەڵبکات، لەدرێژەی قسەکانیدا دەیگوت بەشی زۆری ئەو بەرد و گەوھەرانەی لە مۆزەخانەکەیدا کۆی کردوونەتەوە کڕیونی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک ھەن بەردی خۆیان ھەیە بە موڵکی خۆیان دەمێنێـتەوە و ئەمان نیشانی دەدەن.
سەبارەت بە خەرجیی شوێنەکەش سەربەست مەجید دەیگوت "ئەم مۆزەخانەیە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی زانستی گەشتیاری بێ بەرامبەرە و سوودێکی زۆر بە خەڵک و کوردستان و عێراقیش دەگەیەنێت، چونکە نموونەیەکی زۆری کانزایی لێرە نمایش کراون کە لە تاقیگەی زانکۆکاندا نیین، ھەموو ئامانجی منیش ئەوەیە کە ئەو مۆزەخانەیە خزمەت بە شاری ھەولێر و کوردستان بکات".
سەربەست مەجید لە کۆتایی قسەکانیدا دەیخواست حکوومەتی ھەرێم ھاوکارییان بکات بۆ ئەوەی مۆزەخانەکە گەورەتر بکەن و ببێتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی گەورەتر، ئاماژەی بۆ ئەوەش دەکرد کە لایەنی پەیوەندیدار ئەو ئارەزوو و ئامانجەی ئەو کە دەمێکە بۆی تێدەکۆشێت برەوی زیاتری پێبدرێت، ئەو سوپاسی وەزیری رۆشنبیرییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد کە مۆزەخانەکەی بە شوێنێکی فەرمی و پێگەیەکی رۆشنبیری ناساندووە.