Abdullah Shukur
08 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2018
برۆکسڵ - AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمز ماتیس گوتی: "لە دوای کشانەوەی ھێزەکانمان لە سووریا قبوڵ ناکەین دەستبەجێ داعش دووبارە بچێتەوە ئەو ناوچانە".
لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسڵ، ماتیس لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاری گرنگ بۆ لوتکەی ناتۆ لە برۆکسڵ کراوە. گوتیشی: "ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ھاوپەیمانێتیمان لە دۆخی ئامادەباشی دابێت بۆ شەڕکردن".
ماتیس راشیگەیاند کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەھێزکراون لەبەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەک بۆ سەریان، گوتیشی: "ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ھاوبەشمان کەم نەبووەتەوە. لە باشوور داعش و لە رۆژئاوا ھەڵوێستی ھێرشبەرانەی رووسیا بەردەوامە".
ماتیس جەختیشی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن و رێگە بە دووبارە بەھێزبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەن. گوتیشی: "پێداگرین لە ھەوڵەکانمان بۆ لەناوبردنی داعش لە سەرتاسەری جیھان".
ماتیس لەبارەی پڕسیاری ئەوەی کە ئایا کەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکشێتەوە؟، رایگەیاند کە "بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا بەردەوامە و تا ھەڕەشەی تیرۆر لەو وڵاتە مابێت ئەوا بەرەنگاربوونەوەش بەردەوام دەبێت".
ماتیس ئاشکراشی کرد کە لە دوای لەناوبردنی داعش لە سووریا، ئەمریکا دەستبەجێ لەو وڵاتە ناکشێتەوە، لەمبارەیەوە گوتیشی: "لە دوای کشانەوەی ھێزەکانمان لە سووریا قبوڵ ناکەین دەستبەجێ داعش دووبارە بچێتەوە ئەو ناوچانە".
وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە نێوان رژێمی سووریا و ئەمریکا بوونی ھەیە؟ رایگەیاند کە "ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریاین. زۆربەی جار ئەمەم بە ئاشکرایی راگەیاندووە".