نیویۆرک
بە پێی ئەنجامی راپرسییەک لە سەر کاریگەریی قەیرانە ١٦ رۆژییەکەی ئەمریکا، رێژەی دەنگی کۆماریخوازان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوەو باراک ئۆباما بە ھۆی ناچارکردنی کۆماریخوازان بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکانیان، بووەتە قارەمانی سەرکەوتووی قەیرانی بودجەی حکومەتی ئەمریکا.
تەلەڤزیۆنی CNN راپرسییەکی لە سەر قەیرانی بودجە لە سەرانسەری ئەمریکا ئەنجامداوەو تێیدا دەرکەوتووە، ئۆباماو دیموکراتیخوازان بەگشتی براوەی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەن کە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ ئەمریکا پێوەی گیرۆدە بوو.
کۆماریخوازان بۆ ماوەی ١٦ رۆژ ئامادە نەبوون بودجە پەسەند بکەن، بەوەیش ئەمریکا دوچاری زیانی ماڵی گەورە ھات. بەشداربووانی راپرسییەکە پێیانوایە بە ھۆی پەسەند نەکردنی بودجەوە، کۆماریخوازان شانسی سەرکەوتنیانت لە ھەڵبژاردن لە دەستداوە.
ئەنجامی راپرسییەکە پێچەوانەی چاوەڕوانی بوو، بۆ دابەزینی رێژەی دەنگی دیموکراتیخوازان و ئۆباما، بەشداربووان پێیان وابووە قەیرانی بودجە بەقازانجی دیموکراتیخوازان و ئۆباما تەواو بووە و رێژەی دەنگەکانیان بەرز بووەتەوە.
لە ھەر ١٠ کەسی بەشداربوو، حەوت بەشداربوو گوتوویانە ھۆکاری سەرەکی قەیرانی بودجە کۆماریخوازان بوون.