تەرابلوس
سەدان کەس لەدانیشتووانی پایتەختی لیبیا بە مەبەستی سەرکۆنەکردنی کوشتنی ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەیان لە لایەن ژنێکی روسییەوە، لە بەردەم بالێۆزخانەی روسیا لە تەرابلوسی پایتەخت خۆپیشاندانیانکرد.
لەکاتی خۆپیشاندانەکە شەڕو ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی باڵیۆزخانەکە ھاتە ئاراوەو خۆپیشاندەران ھەوڵیاندا بچنە نێو بینای باڵیۆزخانە لەکاتی رێگریی کردن لێیان چوار کەس برینداربوو.
کاربەدەستانی تەندروستی تەرابلوس بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند لەئاکامی شەڕو تێھەڵچوون لە بەردەم بالێۆزخانەی روسیا لە تەرابلوس، چوار کەس بریندار بوون، لەدوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە یەکێ لە برینداران بە ھۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکە بەڕێوەبەری لێژنەی ئەمنی لەوەزارەتی ناوخۆی لیبیا ( ھاشم بەشیر) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " ھێزە ئاسایشپارێزەکان رێگرییان لە داگیرکردنی بالێۆزخانەی روسیا کردووە و ویستتوویانە دیپلۆماتکارانی ناو بالێۆزخانە دەرباز بکەین، بەڵام لە سەر فەرمانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دیپلۆماتەکان لە نێو بالێۆزخانەدا ھێڵرانەوە".