نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەنگەوازی کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەملیۆنەها کەس لە سوریا.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ماوەیەکی درێژە بێدەنگی خۆی دەپاراست، لە ماوەی هەفتەیەکدا دووەمین هەنگاوی نا. ئەنجوومەنی ئاسایش هەفتەی رابردوو رۆژی هەینی، لەبارەی لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا بڕیارێکی فرەوانی دا و ئەمڕۆش لەبارەی هاوکاری مرۆیی بەتێکڕایی دەنگ "راگەیەنراوی سەرۆکایەتی" قبوڵ کرد.
لە راگەیەنراوەکەدا هێما بۆ دۆخی مرۆیی سوریا کراوە بەوەی رۆژانە بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر دەڕوات. هەروەها بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ نێزیکەی ٧ ملیۆن کەس لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو ناوچەکاندا، داوای لابردنی کۆسپەکان و رەخساندنی دەرفەتی گونجاو کراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی جیاوازی بۆچوونی نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا، دەستی بەجموجۆڵ نەدەکرد. هەر دوو وڵاتی روسیا و چین لە رابردوودا سێ بڕیارنامە و چەند راگەیەنراوێکی چاپەمەنی ئەنجوومەنەکەیان رەت کردبووەوە.
پاش رێککەوتنی ئەمریکا و روسیا، لەبارەی لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا و هاوکاری مرۆیی، دەست کرا بە فشار خستنەسەر حکوومەتی سوریا.