Esat Fırat
30 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2021
قودس - AA
لە ئاکامی رێگرتنی سوپای ئیسرائیل، لەو فەڵەستینییانەى کە بهمهبهستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر کارەکانی درووستکردن و فراوانکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی جووەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەناری رۆژئاوای داگیرکراو گرد ببوونهوه، ٧٩ فەڵەستینی بریندابوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە شایەتحاڵەکانەوە وەرگیراون، بهمهبهستی ناڕەزایەتی دهربڕین لە بەرامبەر درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی بۆ جووهكان لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، فەڵەستینییهكان خۆپیشاندانێکیان لە شارەدێی بەیتا سەر بە شارى نابلوس سازكرد.
ھێزەکانی ئیسرائیل بهمهبهستی بڵاوهپێكردنی خۆپیشاندانهكه، گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی راستهقینه و پلاستیکییان بەکارھێنا و لە بەرامبەردا فەڵەستینییەکان بە بەرد وەڵامیان دانهوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە لایهن مانگی سووری فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئاکامی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، پێنج کەس بە گوللەی راستەقینە، ٢٤ کەس بە گوللەی پلاستیکی پێكراون و ٤٠ کەسیش بە ھۆی کەوتن و سووتانەوە برینداربوون.
ههر بەپێی زانیارییهكانی مانگی سووری فەڵەستینی، لە شارەدێی بەیت دەجینی سەر بە شاری نابلوس لە کەناری رۆژئاوا، لە ئاکامی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە، ١٠ فەڵەستینی بە گوللەی پلاستیکی برینداربوون.
جگە لەوە، فەڵەستینییەکان لە شارەدێی کەفر قەدوومی سەر بە شاری قەلقیلیە، خۆپیشاندانێکیان لە دژی درووستکردن و فراوانکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی جووەکان، سازكرد.
ھەموو رۆژێکی ھەینی لە شارەدێکانی سەر بە شارى نابلوس بە تايبەتى و ناوچە جیاوازەکانی کەناری رۆژئاوای داگیرکراو بە گشتى، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر دیواری جیاکردنەوە (شەرم) و درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نایاسایی جووەکان، خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەرجەم یەکەكانی نیشتەجێبوونی جووەکان لەسەر خاکی داگیرکراوی فەڵەستین، بە نایاسایی ھەژمار دەکرێن.