هەولێر
راگری زانكۆی نەورۆز لە دهۆك پڕۆفیسۆر ئازاد ئەحمەد سەعدون دەڵێ، لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی ئۆكرانیا، وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی لە وزەی روسیا رزگاریان بێ، روویان لە گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان كردووە.
سەعدون كە بە لێكۆڵینەوەكانی لەسەر نەوت دەناسرێ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ دەستپێكردنی قەیرانی ئۆكرانیا، وڵاتەكان چاویان بڕیوەتە گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان و جێی باسی بازاڕەكانی جیهانە."
هێڵی ھەرێمی كوردستان– توركیا
سەعدون باسی گرنگی گازی سروشتیی هێڵی ھەرێمی كوردستان- توركیای كرد و گوتی: "رووداوەكانی ئۆكرانیا و روسیا وڵاتانی ئەوروپای ناچاركردووە رێگەچارەیەكی دیكە بدۆزنەوە، بەو هۆیەوە رێگاكان بۆ هەناردەكردنی گازی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا خۆشبووە."
ناوبراو لەو باوەڕەدایە لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵیكدا پێشكەوتنێك لەمبارەیەوە بێتە ئاراوە و گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بگوازرێتەوە.
راگری زانكۆی نەورۆز ئاماژەی بەوەكرد گواستنەوەی گازی سروشتیی لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجام دەدرێ و گوتی: "بەپێی پلانەكانی هەرێم بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی و ناردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان لە حەوت ساڵی داهاتوودا بوو، بەڵام سیاسەتی روسیا بەرامبەر بە ئۆكرانیا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكای ناڕەحەت كردووە و گەمارۆكانی سەر روسیا زیاتر كراوە، بۆیە هەناردەكردنی گازی هەرێمی كوردستان زووتر لەو ماوەیەی دیاریكراوە ئەنجامدەدرێ."
بە گوێرەی گوتەكانی ئەو پڕۆفیسۆرە، گازی سروشتیی هەرێم لە رێی توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەكرێ و وەك جێگرەوەیەكی گازی روسیا بەكاردەهێنرێ.
سەردانەكان لە ئەوروپاوە بۆ هەرێم زیادیكردووە
ناوبراو جەختی كردەوە لە دوای قەیرانی ئۆكرانیاوە وڵاتانی ئەوروپا بە چڕی سەردانی هەرێمی كورستانیان كردووە و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی و سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە گواستنەوەی گازی سروشتیی لە رێی توركیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا كۆبوونەتەوە.
ئازاد ئەحمەد سەعدون پێیوایە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێگر نابێ لە هەناردەكردنی گازەكە و بەغدا پەسەندی بكا یان نا هەرێمی كوردستان نەوت دەفرۆشێ و بە پێی دەستوور كورد مافی فرۆشتنی نەوتی هەیە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە و دەڵێ: "لەگەڵ دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی عێراق، سەبارەت بەم بابەتە گۆڕانكاری دەكرێ و وای دەبینم كە كێشەكە چارەسەر ببێ."
لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی هەڵبژاردنی عێراقی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە كورد ٥٢ كورسی مسۆگەر كردووە و گوتی: "بە پێی روونكردنەوەكان نوری مالیكی ٦٨ كورسی بەدەستهێناوە و لایەنە كوردییەكان ٥٢ كورسی، ئەمە ژمارەیەكی كەم نییە بۆ كورد و لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لایەنەكان بۆ هاوپەیمانییەتی بە رەسمی سەردانی كورد دەكەن."