سلێمانی
د.عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان لەبارەی ڕوداوەکانی میسرو ھێرش و پەلاماری سەر خۆپیشاندەران و کەوتنەوەی ھەزاران قوربانی ، بەناوی ڕێکخراوەکەیەوە بەتوندی ئەو ھێرش و پەلامارانەی مەحکوم کرد و وتی"بەیاننامەیەکی توندمان دەرکردووەو تێیدا ئیدانەی ئەو قەسابخانەیەی ئەمڕۆی میسرمان کردووە.
قەرەداغی لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێری AA ھێرش و پەلامارەکانی سەر لایەنگرانی محەمەد مورسی سەرۆکی لەسەرکارلادراوی میسری بەقەسابخانەو ھەوڵدانی لەناوبردنی بەکۆمەڵ ناوبردو وتی"بەھەموو پێوەرێک ئەو ڕوداوانە تاوانی دژە مرۆییەو پێویستە ئەنجامدەرانی لەدادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن".
ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێگری بکەن لەکوشتنی ھاووڵاتیانی میسری و دانانی سنورێک لەبەردەم دەسەڵاتی سەربازی ئەو ووڵاتەدا کەبەوتەی ئەو ووڵاتەکەیان بۆسەردەمی سەربازی گەڕاندۆتەوە.
ھەروەھا سوپاسی دەوڵەتی تورکیاو ئەو ووڵاتانەی دیکەی کرد کەپشتیوانی خۆپیشاندەران و دژایەتی کودەتایان کردووەو وتی"سوپاسی ئەو دەوڵەتانە دەکەین کەھاوھەڵوێستن لەگەڵ گەلی میسری و داواکانی خۆپیشاندەران، بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا کەلەسەرەتای کودەتاکەوە تائێستا ھەڵوێستێکی گەورەی ھەبووە".
قەرەداغی نیگەرانی ڕێکخراوەکەشی نیشاندا لەبێدەنگ بونی ووڵاتانی ڕۆژئاواو باسی لەوە کرد "ووڵاتانی ڕۆژئاوا ھەڵوێستێکی دووفاقییان بەرامبەر ڕوداوەکان ھەیەو لەبەرامبەر ڕوداوو ئەو تاوانە گەورەیی لەمیسر دەکرێت بێدەنگن، لەبەرامبەردا بۆ تاوانێکی بچوک لەووڵاتێکی تری مەسیحیدا کۆدەنگییان ھەیەو لەسەری دێنە دەنگ".