21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراق رایگەیاند كە ماوەی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكان تا یەكی مانگی داهاتوو، درێژكردووەتەوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراق، دورەید یەحیا جاسم لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، پشت بەستن بە بڕیار و راسپاردەكانی لیژنەی باڵای تەندورستیی و سەلامەتی نیشتمانیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، ماوەی هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەكان تا یەكی مانگی داهاتوو، درێژكراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕیارەكە گەشتە ئاسمانییە نائاساییەكان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی كە لە دەرەوە گیریان خواردووە، یارمەتییەكانی تەندروستیی، فریاگوزاری و كارگۆ ناگرێتەوە.
دوێنێ شەممە بەڕێوەبەری رایگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی، جیهان دیوان رایگەیاندبوو كە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق، پەیوەستە بە بڕیار و رێنماییەكانی شانەی قەیرانەكان و لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەڵامەتی نیشتمانییەوە.
بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا، 29 هەزار و 222 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەیش هەزار و 13کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 هەزار و 212 کەسیش چاكبوونەتەوە.