جيهان

سەیرانگاکانی دهۆک لە نەورۆزدا چۆڵن

بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە لە جەژنی نەورۆزدا جمەیان دەهات لە هاووڵاتیان، سەیرانگاکانی پارێزگای دهۆک ئەمساڵ بەهۆی نالەباری کەشوهەوا بێدەنگییەکی زۆریان پێوە دیارە.

Rawan Subhi Obaiullah  | 21.03.2026 - نوێکردنەوە : 23.03.2026
سەیرانگاکانی دهۆک لە نەورۆزدا چۆڵن

Dahuk

دهۆک - AA

سەیرانگاکانی سنووری پارێزگای دهۆک، بە تایبەت ناوچە گەشتیارییەکانی وەک "قارقاراڤا" و "گەرمەڤا" لە ناوچەی دۆسکی، کە هەمیشە لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا دەبوونە شوێنی هەزاران گەشتیار و هاووڵاتی بۆ گەشت و سەیران، ئەمساڵ سیمایەکی جیاوازیان هەیە و بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئەو شوێنانە هیچ قەرەباڵغییەکیان تێدا نابینرێت و چۆڵییەکی گەورەیان پێوە دیارە.

ساڵانە لەم یادە نەتەوەییەدا، هاووڵاتییان بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕوویان لەو ناوچانە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ و کاتبەسەربردن لە سروشتدا، بەڵام ئەمساڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و مەترسی دروستبوونی لافاو، بوونە هۆکاری ئەوەی زۆربەی خێزانەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە.

سەرەڕای ئەوەی نەورۆز بەهار و سەوزایی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام سروشتی ناوچەی دۆسکی و دەوروبەری دهۆک ئەمساڵ تەنها میوانداریی باران دەکەن، نەک گەشتیاران. شارەزایانی کەشناسیش پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم ڕەوشە ڕەنگە بۆ چەند ڕۆژی داهاتووش بەردەوام بێت، ئەمەش وایکردووە کەرتی گەشتیاریی ناوخۆیی لەم وەرزەدا سستییەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینی ئه‌مڕۆی بڵاوكردەوه‌ كه‌ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت و لە دوای نیوەرۆوە باران بارین لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و هەورە تریشقە. لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری کەمێک بەفر بارین هەیە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın