Hamdi Yıldız
08 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2022
ریاز – AA
سەرۆکی چین، شی جین پینگ رایگەیاند: "متمانەیەکی ستراتیجیی لەنێوان چین و سعوودیە دروست دەکرێت".
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، سەرۆکی چین، شی جین پینگ کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و چین لەسەر بانگهێشتی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز سەردانی ریازی کردووە لە فڕۆکەخانەی شا خالید بۆ میدیاکاران دواوە.
شی سڵاوی گەل و حکوومەتی چینی بە سعوودیە گەیاند و ئاماژەی بەوە دا کە ماوەی ٣٢ ساڵە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامن و گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای متمانە، دۆستایەتی و هاوبەشێتی بەردەوامن".
شی جین پینگ بە ئاماژەدان بەوەی کە متمانەیەکی ستراتیجیی لەنێوان چین و سعوودیە دروست دەکرێت، گوتی: "هەماهەنگییە کردەییەکانی هەردوو وڵات ئەنجامی باشی لە تەواوی بوارەکاندا لێ کەوتووەتەوە، هەروەها لەبارەی بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش بەردەوامی بە هەماهەنگی بەهێز دراوە".
هەریەک لە میری ریاز، فەیسەڵ بن بەندە بن عەبدولعەزیز؛ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان؛ سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی نیشتمانیی سعوودیە، یاسر عوسمان ئەل رومەییان و باڵیۆزی چین لە ریاز، چێن وەیکینگ لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لە شی جین پینگ کرد.
سەرۆکی چین، شی جین پینگ لە ٢٠١٦ سەردانی ریازی کرد و لە ٢٠١٩ لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە پەکین کۆبوویەوە.