Selen Valente Rasquinho
06 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2026
سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناتۆ، ئەدمیراڵ جۆزێپی کاڤۆ دراگۆنی تورکیای به هاوپەیمانێکی بەهێز و ستراتیجی ناوزهند كرد و، ئاماژهی بهوه كرد توركیا بە پیشەسازی بەرگریی، توانای سەربازی و پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ هاوپەیمانێتییەکە دەگێڕێت.
پێش ٣٦هەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکوومەتەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە رۆژانی ٧-٨ی تەمووزدا بە میوانداری تورکیا لە ئەنقەرە ساز بکرێت، کاڤۆ دراگۆنی لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا.
کاڤۆ دراگۆنی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ئهو پۆستهی وهرگرتووه، باسی لهوه كرد یەکەمین تێبینییەکانی ئەوە بووە کە ناتۆ لەو ئاستەی پێیگەیشتووە هاوپەیمانێتییەکی "بەهێز و تەندروستە" و دوای یەک ساڵ و نیویش ئەم تێبینییەی خۆی پشتڕاست کردەوە.
گوتیشی: "ئەمڕۆ دەتوانم ئەمە بڵێم کە ئیتر بەرەوپێش دەچین. لەو سەردەمەدا بەئاگا دەهاتینەوە، بەڵام ئێستا لەسەر پێی خۆمان وەستاوین و دەڕۆین. بێگومان ئەگەر بتەوێت دەتوانین گفتوگۆ لەسەر ئاستی خێراییەکەمان بکەین، بەڵام ئەوە ڕوونە کە بە ئاراستەیەکی دروستدا بەرەوپێش دەچین".
ئەدمیراڵ جۆزێپی کاڤۆ دراگۆنی تورکیای به هاوپەیمانێکی بەهێز و ستراتیجی ناوزهند كرد و، ڕایگهیاند: "تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزە. خاوەنی دووهەم گەورەترین سوپای هاوپەیمانێتییەکەیە و بێگومان ئەمەش هێزێکە، بەڵام لەگهڵ ئەمەشدا پێگەی جوگرافییەکەی زۆر گرنگە، كه دهكهوێته ناوەندی دەریای ڕەش، دەریای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا لە ڕووی جوگرافی و سەربازییشەوە ئەرکێکی زۆر زۆر گرنگ دەگرێتە ئەستۆ".
ڕاشیگهیاند: "پێموایە تورکیا دەبێتە نموونە بۆ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان، چونکە لە ڕووی وەبەرهێنان لە پیشەسازی بەرگریی، خێرایی بەرهەمهێنان و توانای گەیاندندا لە بەرزترین ئاستدایە. لە ڕووی جوگرافییەوە ڕەنگە تورکیا بکەوێتە سەر هێڵی سنووری هاوپەیمانێتییەکە، بەڵام لە چەندین بابەتی گرنگدا لە ناوەندی هاوپەیمانێتییەکەدایە. ئێمە متمانەمان بە تورکیا هەیە و خۆشحاڵین بەوەی وەک هاوپەیمانی خۆمان دەیبینین".