Ekip
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ ئانادۆڵو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ئێستادا تێڕوانین زۆربەی وڵاتانی جیھان بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ لە نێویشیاندا تورکیا پشتگیری سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانن.
سەبارەت بە داواکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکارییەکان و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان و پرسی سەربەخۆیی سیروان بارزانی دەڵێت: "ئەمە خەباتی دوور و درێژمانە و ئەو خەونە ھەر دەبێتە راستی، ھاوکات داواکەی سەرۆکی ھەرێمیشی بۆ ئەم پرسە بە دەرەنجامی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنامەی سایکس-پیکۆ لەقەڵەم دا، چونکە لە ساڵی نوێی ٢٠١٦دا، رێک ١٠٠ ساڵ بەسەر تەمەنی رێکەوتنەکە دەرباز دەبێت بۆیە ئەم کاتە بە کۆتایی تەمەنی رێکەوتنەکە دەزانێ. دەشڵێت: "پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی بۆ ساڵی نوێ سەربەخۆییە. ئەو شاندە فەرمی و نافەرمییانەی کە سەردانمان دەکەن ھەمان بۆچوونی ئێمەیان ھەیە لە ھەڵوەشاندنەوەی سایکس-پیکۆ و دەربڕینی ھەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان".
لەبارەی ئازادکردنی شاری مووسڵ و بەشداریکردنی پێشمەرگە لە پڕۆسەکەدا ناوبراو دەڵێت: "با ھەموو لایەک بزانن سوپای عێراق ئەو ئیرادە و توانایەی نییە بۆ ئازادکردنی مووسڵ بۆیە بەبێ پێشمەرگە ناتوانێ شارەکە لە تیرۆریستانی داعش لە شارەکەدا وەدەر بنێت. ھاوکات پاڵپشتی بەردەوامی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان و پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە پێشمەرگە بە گرنگ وەسف دەکات".
سیروان بارزانی دەڵێت: "لە دواسەردانیشمان بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەڵێنی بەردەوامی ھاوکارییە سەربازییەکانمان وەرگرت".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور سەبارەت بە دوورخستنەوەی وەزیری پێشمەرگە و وەرگرتنی رێنمایی و راییکردنی کارەکانی وەزارەتی پێشمەگە دەڵێت: "لە ئێستادا ھەموو رێنماییەکانی سەربازیی لە بەرپرسی گشتیی ھێزەکانی چەکداری ھەرێمی کوردستان وەردەگرن. ھەروەھا وەزیری پێشمەگە بە وەکالەت کار و ئەرکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەجێ دەگەینێت و پەیوەندییان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت ھەیە".