Abdullah Shukur
12 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2018
ئیدلب - AA
لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە ناوچەی سەرمەدا لە سنووری پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، ٣٢ کەس کوژران و ٤٥ی دیکەش برینداربوون.
بەرێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدلب، مستەفا حاج یوسف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ، تەقینەوەیەکی گەورە لەو شوێنەی کە ئاوارەکانی باکووری حومس تیادا دەژین لە شارۆچکەی سەرمەدا روویداوە".
حاج یوسف گوتیشی: "لە ئەنجامی تەقینەوەکە بینایەکی شەش نھۆمی کە ئاوارەکانی باکووری حومس تیادا دەژین رووخاوە بەو هۆیەوەشەوە ٣٢ مەدەنی کوژراون و بەلانیکەم ٤٥ کەس برینداربوون".
بەرێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدلب، مستەفا حاج یوسف ئاشکراشی کرد کە ١٣ مەدەنی لە کارەکانی بەدواگەڕاندا رزگارکراون و بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەکانی ناوچەکە کراون.
کارەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە.
بەرپرسانی ناوچەکە لێکۆڵینەوەیان لە ھۆکاری تەقینەوەکە دەستپێکردووە.