Dilara Zengin,Zana Natık Kerem
09 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
واشنتۆن ــ AA
سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە رایگەیاند كە گرنگە پاڵپشتی لە وڵاتانی گەشەسەندوو بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر لێكەوتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، لەسەر كەرتی ئابووریدا زاڵبن.
سەرۆكی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە، كریستالینا جۆرجیڤا لە میانی چالاكییەکدا كە لەژێر ناوی "پارەداركردنی پلانی گەشەپێدان بۆ ساڵی 2023 لەسەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای سەردەمی ڤایرۆسەكە" بەڕێوەچوو گوتی:
"پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ئەوەی دەرخست كە گرنگە داهاتوویەکی گەشتر لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە بنیات بنرێت".
كریستالینا جۆرجیڤا راشیگەیاند كە لە میانی هەڵسەنگاندنی قەیرانەكان وەك قەیرانی كەشوهەوا و بەرگرتن لە نایەكسانی و هەژاری دەتواندرێت وەبەرهێنان لە كەرتی تەندروستیی و سیستەمی پاراستنی كۆمەڵایەتییدا بكرێت و گوتی:
"هەندێك نیشانەمان بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی جیهان بەدی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئابووری ژمارەیەك وڵاتی پێشكەوتوو وەك ئەوەی پێشبینی بۆ كرابوو، بەخێرایی گەشەی نەكردووە".
سندوقی نێودەوڵەتی نەختینە داوای كرد كە گرنگە پاڵپشتی لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر لێكەوتەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر كەرتی ئابووریدا زاڵبن و گوتی:
"پێویستە لەسەر هەمووان بەپێی پێویست مامەڵە لەگەڵ قەرزەكانیان لەسەر وڵاتانی گەشەسەندوو بكەن، بۆ ئەم مەبەستەیش دەستپێشخەرییەكی تایبەتمان هەیە كە ئەویش دەستكەوتێكی گەورەیە و دەبێت بۆ یەك ساڵ درێژ بكرێتەوە".
لای خۆیەوە وەزیری دارایی كەنەدا، كریستیا فریلاند لە میانی چالاكییەكەدا قسەی كرد و رایگەیاند كە گرنگە هەوڵەكان لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و چارەسەركردنی لێكەوتەكانی ڤایرۆسەكە لەسەر كەرتەكانی تەندروستیی، كۆمەڵایەتیی و ئابووریی چڕتر بكرێتەوە و گوتی:
"لە رێگای پێكەوە كاركردن، بەسەر لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا سەردەكەوێن".
گوتیشی: "هەمووان بەدەست كاریگەریی و لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر تەندروستیی و ئابووریدا دەناڵێنن، بەڵام وڵاتانی گەشەسەندوو زیاتر بەدەست كاریگەری و لێكەوتەكانی ڤایرۆسەكە دەناڵێنن".