Aladdin Mustafaoğlu
24 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2022
بڕۆكسل - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵنتبێرگ رایگەیاند، لەو لووتکەیەی کە بڕیارە سبەی پێجنشەممە ببەسترێت بڕیاری زیاتر لەبارەی جەنگ لە ئۆکراینا دەدەن و جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی هێزی کاریگەری ناتۆش کردەوە.
ستۆڵتنبێرگ بەر لە لووتکەی نائاسایی ناتۆ کە سبەی لە بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەدەچێت، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرای کرد کە ژمارەی هێزەکانی ناتۆ لە باڵی رۆژهەڵات لە وشکایی و ئاسمانیی و دەریایی زیاد دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک هەنگاوی یەکەم، هێزی زیاتر لە هەیەک لە بولگاریا، هەنگاریا، رۆمانیا و سلۆڤاکیا بڵاوەپێدەکەن.
گوتیشی: "هەر لە لووتکەکەدا بڕیاری زیاتر لەبارەی جەنگ لە ئۆکراینا دەدەین و پێویستە هێزی کاریگەری ناتۆش بگەڕێنینەوە".
ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوەشکردەوە کە ناتۆ لایەنێک نییە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و گوتی: "لە لووتکەکەدا تاوتوێی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆدا ناکرێت".
چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا پشتیوانی زیاتر بۆ ئۆکراینا رابگەیەنن.
رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکراینا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.