Eşref Musa
03 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2023
گرێ سپی - AA
قەزای گرێ سپی یەکێکە لەو ناوچانەی باکووری سووریا کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوە. رووباری بەلیخ دەکەوێتە دووری سێ کیلۆمەتر لە باشووری سەنتەری قەزای گرێ سپی و بە سنووری تورکیادا درێژدەبێتەوە و لە کۆتاییدا دەڕژێتە رووباری فوراتەوە.
بەهۆی ئەم رووبارەوە لە پاڵ کشتوکاڵدا، سامانێکی باشی ماسی هەیە و بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ بەشێک لە دانیشتووانی قەزاکە.
لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوی رووبارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆری وەرزی بەهارەوە، ئاستی ئاوی رووبارەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی جارانی و ئەمەش ماسیگرەکانی ناوچەکەی دڵخۆش کردووە.
بەتایبەت لە دوای گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک لە ناوچەکەدا، خواست لەسەر ماسی زیادی کردووە.
یەکێک لە ماسیگرەکانی گرێ سپی بە ناوی غەیس حەمدۆ بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لەڕێی ماسیگرییەوە بژێوی خێزانە پێنج کەسییەکەی دابین دەکات.
غەیس حەمدۆ باسی لەوە کرد کە دەزگا ناوخۆییەکان بە هاوکاری تورکیا توانیویانە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی جۆراوجۆری ماسییەکانی ناو رووبارەکە.
هەروەها محەمد سولەیمان کە ماسی گرێکی دیکەیە و ماوەی ١٥ ساڵە لەڕێی ئەم پیشەیەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات باسی لەوە کرد کە بەهۆی ساردوسەرماوە لە زستاندا ناتوانن ماسی بگرن و لە دوای مانگی حوزەیرانیشەوە رووبارەکە وشک دەکات.