Davit Kachkachishvili
05 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئاشکرای کرد کە توندترین پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان سوپای وڵاتەکەی و هێزەکانی رووسیا، لە شارەکانی باخموت و سۆلێداری سەر بە ناوچەی دۆنێتسک روویانداوە.
زێلێنسکی شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلیگرام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەووە و تیایدا نوێترین بەرەوپێشچوونەکانی جەنگی وڵاتەکەی خستەڕوو.
سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە خەباتی سوپای وڵاتەکەی لە دژی هێزەکانی رووسیا لە ناوچە جیاجیاکانی ئۆکراینا بەردەوامە، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە قورسترین پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیە لە ناوچەی دۆنێتسک روویانداوە.
زێلێنسکی، گوتیشی: "قورسترین پێکدادانەکانی ئەم هەفتەیە لە شارەکانی باخموت و سۆلێداری سەر بە ناوچەی دۆنێتسک، روویانداوە. سەنگەرەکانمان دەپارێزین. رەنگە سوپای رووسیا لە ناچەی دۆنێتسک و شارۆچکەکانی دیکە زیاتر لە شەڕی دووەمی چیچان، زیانی گیانی و ماددی پێگەیشتبێت".
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد کە ئەمریکا رەزامەندی لەسەر پێدانی هاوکاری سەربازیی نوێ بۆ ئۆکراینا دەربڕیوە کە گوژمەی هاوکارییەکە ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە. بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لەخۆدەگرێت کە بۆ پێشڕەوی هێزەکانی ئۆکراینا زۆر پێویستە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەوەشی خستەڕوو کە لە شاری کیێڤ پێشوازیی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان کردووە.