Abdullah Shukur
01 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
گرووپی فەیلەق ئەلرەحمانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سەربازیی سووریا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە رژێمی ئەسەد لە ھێرشەکانیدا بۆ سەر ناوچەی غوتای رۆژھەڵاتی سەر بە پارێزگای دیمەشق گازی کلۆری بەکارھێناوە و نزیکەی ٣٠ ئەندامی ئۆپۆزسیۆنیش بەم ھۆیەوەش زیانیان بەرکەوتووە.
گرووپی فەیلەق ئەلرەحمان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە "ھێزەکانی رژێم ماوەی ١٣ رۆژە ھێرش ئەنجام دەدەن. ھاوکات لە دوای سەرنەکەوتنیان لە پێشڕەویکردن بەرەو ناوچەی عەین تەرما، بە گازی کلۆر ھێرشیان بۆ سەر پێگەکانی فەیلەف ئەلرەحمان گازی کلۆری ئەنجامداوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ٣٠ کەس لە ھێرشەکاندا بەم ھۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەلایەکی دیکەش گوتەبێژی ئەو گرووپە بەناوی وایل ئیلڤان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە رێگەی ھێرشی زەمینییەوە بەھۆی تۆپبارانکردنی ناوچەکان گازی کلۆر بەکارھێنراوە.
ئیلڤان راشیگەیاند کە فەیلەقی ئەلرەحمان پێشڕەوییەکانی رژێمی بەرەو ناوچەی عەین تەرما راگرتووە. گوتیشی: "رووبەڕووی ھێرشی ھێزەکانی رژێم بووینەوە و ٣٠ سەربازی رژێمی سووریامان کوشت. لە بەرامبەر ئەمەش ئەوانیش چەکی کیمیایان بەکارھێنا".
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ئەوانەی بەھۆی گازەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، گشتیان ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنن و باری تەندروستیان ناجێگیرە.
لە ٢٦ی نیسانی رابردوو، ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە رژێمی ئەسەد لە ئامادەکاری بەکارھێنانی چەکی کیمیایی نوێیە و لە ئەگەری ئەمەش رژێمی سووریا "باجێکی زۆر قورس دەدات".