Hemin Hüseyin
06 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران بارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و دوێنێ چوارشەممە شەپۆلێکی بەخوڕی باران بارین شاری هەولێری گرتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمەش بروسکە و هەورە تریشقە بەردەوام ئاسمانی هەولێری رووناک دەکردەوە.

ئەمڕۆ پێنچشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، رێژەی بارانبارینی ٢٤ کاتژمێری رابردووی ھەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا؛ لە ھەولێر ٢٠.٩ ملم و لە سلێمانی ٥٧.٤ ملم و لە دھۆک ١٩.٧ ملم و لە کەرکووک ١٧.٠ ملم و لە ھەڵەبجە ١٤.٦ ملم باران باریووە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوھەوای ٤٨ کاتژمێری داھاتووی بڵاوکردەوە و تیایدائاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان ھەور دەبێت و باران لە کات و شوێنی جیا جیادا دەبارێت.
کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە سبەی ھەینی، لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت و باران دەبارێت و زۆرجاریش بارانی بە لێزمە دەبارێت.