سلێمانی
لەڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنەکەیدا جگە لەخێزان و کەسوکارەکەی، دەیان ھونەرمەندو بەرپرس و چین و توێژە جیاکان ئامادەی بون.
ناسر حەسەن دەرھێنەری ناسراوی کورد و ھاوڕێی نزیکی دڵپاک لەبارەی کۆچی دوایی دڵپاکەوە بۆ AAگوتی"خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ دراماو سینەماو شانۆی کوردی، دڵپاک لەساڵی ١٩٧١ دەستی بەکاری شانۆ کردو بەشداری دەیان شانۆ و دراماو فیلمی سینەمایی کرد، جگە لەڕۆڵی ھونەری خۆی کەسێکی ڕۆح سوک بوو و بەشداری ھەموو بوارەکانی تری دەکرد".
عەلی کەریمی ھونەرمەندو ھاوڕێی دڵپاک بۆ AA گوتی" ھونەرمەندێکی گەورە و مەزن بەجێی ھێشتین و کەلەبەرێکی گەورە کەوتە ناو ھونەر و شانۆی کوردییەوە".
بەھجەت یەحیای ھونەرمەندی گۆرانیبێژ لەڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی دڵپاک ئامادەبوو، بۆ AA دواو گوتی"ھونەرمەند جیھاد دڵپاک خزمەتێکی گەورەی بەھونەری کوردی کرد و کارە ھونەرییەکانی کاریگەری زۆریان لەسەر ھاووڵاتیان ھەبوو".
جیھاد دڵپاکی تەمەن ٦٥ ساڵ بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماوەی ٤ مانگ لەنەخۆشخانەی ھیوا (تایبەت بەنەخۆشییەکانی شێرپەنجە) لەسلێمانی بوو، دوای چەند ڕۆژێک لەڕەوانەکردنی بۆ ووڵاتی ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردن، شەوی چوارشەمەی ڕابردوو لەوێ گیانی لەدەستدا.
جیھاد زۆراب ئەحمەد ناسراو بە (جیھاد دڵپاک) ساڵی (١٩٤٨) لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، دەرچوی خانەی مامۆستایانە، سەرەتای کارکردنی لە بواری ھونەر بۆ ساڵی (١٩٧١)دەگەڕێتەوە.
یەکەم کاری بەناوی (ژیانی کچە لاڵەکە) بووە، لەزنجیرە درامای (ژاڵە)دا ڕۆڵی مامۆستا ھێمنی بینیوەو لەو درامایەوە وەک ئەکتەرێکی دیار خۆی ناساند .